تەندروستی سلێمانی: لە تشرینی یەکەم چوار تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە مانگی ئۆكتۆبەری پەمەیی لە نۆرینگەکانی چارەسەری نەخۆشیەكانی مەمك چوار حاڵەتی شێرپەنجەی مەمك تۆماركراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ماڵپەری تایبەتی خۆیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئامارەکانی سەردانیکردنی ژنانیان بۆ نۆرینگەکانی نەخۆشییەکانی مەمک بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەم کە بە مانگی ئۆكتۆبەری پەمەیی "شێرپەنجەی مەمک" ناسرابوو، هەزار و ٣١ نەخۆش سەرادنی نۆرینگەکانی نەخۆشییەکانی مەمکیان کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نۆرینگەکانی چارەسەری نەخۆشیەكانی مەمك چوار حاڵەتی شێرپەنجەی مەمك تۆماركراوە و ١٨٨ نەخۆش بەهۆی بوونی ئازار و ٨٩ نەخۆش بەهۆی بوونی گرێ سەردانیان كردووە، هەروەها ٣٤٨مامۆگرافی و ١٤٩ سۆنەریش ئەنجام دراوە.

 

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، مانگی تشرینی یەکەمی دەستنیشان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی، بە تایبەت ژنان بەرامبەر شێرپەنجەی مەمک.

 

شێرپەنجەی مەمک لە ڕووی ژمارەی تووشبوونەوە بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە، کە لە هەر هەشت ژنێک یەکێکیان تووشی دەبێت، بەڵام لە ڕووی ھۆکاری مردن بەھۆی شێرپەنجە لە ژناندا بە دووەم جۆر دادەنرێت لە پاش شێرپەنجەی سییەکان.