"هێرشە داگیرکارییەکان دژی دەستکەوتەکانی کوردە"
پەنابەرانی سیاسی و هاوڵاتیانی باکوری کوردستان، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوەدا خەونی دەوڵەتی تورکیا زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، بەشێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و پەنابەرانی باکوری کوردستان، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و هاوکارییەکانی پەدەکە گردبوونەوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا موسا خالید، کە هاوڵاتییەکی باکوری کوردستانە، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەدا کە حکومەتی ئاپەکە و مەهەپە بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان دەستیان بە هێرشی داگیرکاری کردووە و ئامانجیان داگیرکردنی باشوری کوردستان و زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەداخەوە لەم داگیرکارییەدا پەدەکەش بەشدارە، لە کاتێکدا ئەم داگیرکارییە لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە و دەیەوێت کوردستان بکات بە تورکیا، ئێمە وەکوو پەنابەرانی سیاسیی باکوری کوردستان داوا لە ڕایگشتی و هەموو لایەنە دیموکراسیخواز و ئاشتیخوازەکان دەکەین، کە بەرامبەر ئەم داگیرکارییە بێدەنگ نەبن.
لە کۆتاییدا جەختیان لەوەشکردەوە کە "ئەگەر باشوری کوردستان داگیربکرێت، هەموو دەستکەوتەکانی کورد لەناودەچێت."