ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، گۆڕانی کەشوهەوا کارکردنی منداڵان زیاد دەکات

هەژاری پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی منداڵانە و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار "ILO" دەریدەخات کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی کارکردنی منداڵان بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا.

ناوەندی هەواڵ

لەگەڵ ٢٨ەمین کۆبوونەوەی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا ""COP28 لە دوبەی و لە میانەی چواردەیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی پلاتفۆرمی کاری منداڵان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار "ILO" ، ئەم کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند هەژاری پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی منداڵانە و لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی توێژینەوە نوێیەکانی ڕێکخراوەکە، گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی گەرمبوونی زەوی کارکردنی منداڵان زیاد دەکات بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵدا.

 

زۆترین ڕێژەی کارکردنی منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵدایە

هەرچەندە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مافەکانی منداڵان کاری منداڵان قەدەغە دەکات، بەڵام ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوە نیشان دەدەن زۆرترین ڕێژەی کارکردنی منداڵان لە کەرتی کشتوکاڵدا ڕوودەدات.

گۆڕانی کەشوهەوا و وەڵامەکانی کەرتی گشتی و تایبەت کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر زیادبوونی کاری منداڵان و بەرەوپێشبردنی ئامانجی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ نەهێشتنی هەموو شێوەکانی کارکردنی منداڵان لەسەر بنەمای ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام.

منداڵان لەنێو ئەو دانیشتوانەدان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، ئەم توێژینەوەیە ئەوە نیشان دەدات، گەرمبوونی زەوی بەهۆی مەترسی لەسەر بژێوی ژیان و بارودۆخی ژیان دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بکەونە ناو هەژارییەوە و بارودۆخی هەژاران خراپتر بکات و خێزانەکان زیاتر پشت بە کاری منداڵەکانیان ببەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

توێژەرانی ڕێکخراوەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، پێویستە سیاسەتمەداران پلانی کارکردنی منداڵانیان هەبێت کاتێک پلانی وەڵامدانەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دادەڕێژن.

بەگوێرەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە یەک لەسەر سێی منداڵانی جیهان، نزیکەی ٨٢٠ ملیۆن منداڵ، لە ئێستادا تووشی شەپۆلی گەرما دەبن و لە هەمان کاتدا کەمی ئاو کاریگەری لەسەر ژیانی ٩٢٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا هەیە، هەروەها نەخۆشییەکانی وەک مەلاریا کاریگەری لەسەر تەندروستی نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن منداڵ هەیە  لە لایەکی ترەوە ئەم ئامارە ترسناکە مەزەندەی ئەوە دەکات کە نزیکەی ٩٠٪ی منداڵان لە سەرانسەری جیهاندا تووشی پیسبوونی هەوا دەبن.