ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامە

وەزارەتی پەروەردەی فەلەستین ئاشکرای کرد لە سەرەتای شەڕی غەززە لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا ئێستا نزیکەی شەش هەزار خوێندکار کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژی ١٧٣هەمیندایە، بۆ نۆیەمین ڕۆژ لەسەر یەک ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی و گەمارۆدانی کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا و دەوروبەری بەردەوامە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵێک لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کە ئاوارەکانی تێدابووە لە باکووری شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان منداڵ بوون و دەیان کەسیش برینداربوون، بۆردومانەکە کۆمەڵێک دانیشتووی کردە ئامانج، تیمەکانی فریاگوزاریش نەیانتوانی زۆرێک لە بریندارەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان، زۆربەیان بە سەختی بریندار بوون.

 

دوێنێ کۆمەڵەی مانگی سووری فەڵەستین ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی ئەمەل لە خزمەتگوزاری دەرچووە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ئەو کارمەندانەی لە نەخۆشخانەکەدا کاردەکەن ناچاریکردن بیناکە چۆڵ بکەن و دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی بە بەربەستی خۆڵ داخران.

 

هەروەها ٣٠ کەس لە بنەماڵەیەک کوژران دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ماڵێکیان لە دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە ڕۆژئاوای کەرتی غەززە بۆردومان کرد، هێزەکانی ئیسرائیل تا ئێستاش گەمارۆی نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان دەدەن و بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا و دەوروبەری بۆ نۆیەمین ڕۆژ لەسەر یەک.

 

بەمەبەستی وەرگرتنی هاوکاری مرۆیی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەوتنەخوارەوەی ئاسمانی لە کەرتی غەززە، ١٢ کەس لە دەریادا خنکاون لەکاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە ئاسمانەوە، هەروەها ٦ کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشێکدا لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری گیانیان لەدەستداوە.

 

نزیکەی ٦ هەزار خوێندکار کوژران

 

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی پەروەردەی فەڵەستین ئەمڕۆدا ئاشکرا بووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا ئێستا پێنج هەزار و ٨٨١ خوێندکار کوژراون و نۆ هەزار و ٨٩٩ خوێندکاری دیکەش برینداربوون و ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کەرتی ڕۆژئاوا کوژراون گەیشتووەتە ٥٥ و ٣٢٩ خوێندکار، جگە لە دەستگیرکردنی ١٠٣ کەسی دیکە.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی بەردەوامی شەڕەکەدا ٢٦٤ مامۆستا و کارگێڕ گیانیان لەدەستداوە و ٩٦٠ی دیکەش برینداربوون، لە کەرتی ڕۆژئاواش شەش مامۆستا برینداربوون و زیاتر لە ٧٣ مامۆستای دیکەش دەستگیرکراون.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ٢٨٦ خوێندنگەی حکومی و ٦٥ خوێندنگەی سەر بە UNRWA بۆردومانکراون و تێکدراون، بەهۆیەوە ١١ خوێندنگا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، هەروەها ٤٠ خوێندنگەی دیکەش بەتەواوەتی وێرانکراون، لە کەرتی ڕۆژئاواش ٥٧ خوێندنگە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هێرشیان کراوەتە سەر و تێکدراون، هەروەها ١٣٣ خوێندنگەش وێرانکراون و  وەک ناوەندی پەناگە بۆ ئاوارەکان بەکاردەهێنران.

 

تا ئێستاش ٦٢٠ هەزار خوێندکار لە غەززە بۆ شەشەمین مانگ لەسەریەک بێبەشن لە ناونوسین لە خوێندنگەکانیان لە غەززە، لە کاتێکدا زۆربەی خوێندکاران بەدەست زەبر و زەنگی دەروونییەوە دەناڵێنن و ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی مرۆیی و تەندروستی دەبنەوە.

 

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ژمارەی قوربانیانی شەڕی بەردەوام بۆ ٣٢ هەزار و ٤١٤ کوژراو و ٧٤ هەزار و ٧٨٧ کەسیش بریندار بوون، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨ کۆمەڵکوژییان لە دژی خەڵکی ئەنجامدا و ٨١ کوژراو و ٩٣ برینداری لێکەوتەوە.