تاژێ: یاسا پەسەندکراوەکان بە ئایدۆلۆژیای داعشن
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو کاردانەوەی بەرامبەر بە پەسەندکردنی ئەو یاسایانە دەربڕی کە بەتەواوەتی دژی ژنان و کۆمەڵگەن و تیایدا ئاماژەیان بەوەدا کە یاسا پەسەندکراوەکان یاسای ئایدۆلۆژیای داعشن و بە مانای کوشتنی ژن و ژیانە.

شەنگال
سەرەڕای هەموو کاردانەوەکان، پەرلەمانی عێراق لە ژێر پەردەی چاکسازیدا، لە ٢٠ی کانوونی دووەم یاسای باری کەسی و لێبوردنی گشتی خستە دەنگدان و پەسەندی کرد، ئەگەر ئەم دوو یاسایە کە بەتەواوەتی دژی ژنان و کۆمەڵگەن، بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، ژنان لە مافەکانیان بێبەش دەبن، ڕێگا بۆ هاوسەرگیری منداڵانی کچی٩ ساڵ، و ئازادکردنی چەتەکانی داعشی زیندانیکراو خۆش دەکرێت.
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" سەبارەت بە یاساکانی دژی ژنان و کۆمەڵگە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
لە ٥ی ئابی ٢٠٢٤، دەیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، پەرلەمانی عێراق هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی خستە بەرنامەی کارەکەی،چونکە هەردوو یاساکە زۆر مەترسیدار بوون و لە لێواری جینۆساید بوون، دژایەتییەکی زۆر بۆ جێبەجێکردنیان هەبوو. ژنانی ئێزیدی بەتایبەتی و هەموو ژنانی عێراق و هەروەها کۆمەڵگا بەگشتی ناڕەزایی توندیان دەربڕی. بەڵام پەرلەمانی عێراق ئەو هەڵوێستە دیموکراسیانەی پشتگوێ خست و لە ٢٠ی ژانویەدا گۆڕانکاری لە یاساکاندا پەسەند کرد. بۆ ئەوەی ئەم یاسایانە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆک کۆماری عێراق هەر سێ یاساکەی پەسەند کرد.
یاسا بە واتای کوشتنی ژن و ژیانە
ئەم یاسایە هڕەشەیەکی گەورە بۆسەر تەواوی کۆمەڵگەو ئەو نەتەوانەی دانیشتووی عێراقن دروست دەکات، یاسای لێبوردنی گشتی کە چەتەکانی داعش سوودی لێ وەردەگرن، واتە ئازاد دەکرێن، زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ خۆش دەکات.
ئێمە دەمانەوێت دەنگی ژنانی ئێزدی بگات بە جیهان، کۆمەڵگەی ئێزیدی ٧٤ فەرمانی بەسەردا سەپێنراوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە کۆمەڵگەی ئێزدی و ژنانی ئێزدی مەترسی کۆمەڵکوژی و فەرمانی لەسەرە ئەگەر ئەم یاسایە هەڵنەوەشێتەوە و کۆمەڵکوژییەک ڕووبدات، حکومەتی عێراق بەرپرسیار دەبێت.
جگە لەوەش یاسای باری کەسی ڕێگەدەدات کە منداڵانی کچی تەمەن ٩ ساڵ و کوڕان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری بکەن، هەروەها مافی دایکایەتی و میرات لە ژنان دەسەنێتەوە، ئەمە یاسای عەقڵیەتی داعشە و مانای کوشتنی ژن و ژیانە، واتە پێشێلکردنی مافی ژن و منداڵ و کۆمەڵگە، واتە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
پێویستە هەموو کەسێک هەڵوێستی هەبێت
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی بە توندی ئیدانەی پەسەندکردنی یاسای باری کەسی و یاسای لێبوردنی گشتی دەکەین. جارێکی تر داوا لە عێراق دەکەین دەستبەجێ ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی عێراق و ژنانی عێراق دەکەین دژی ئەو یاسایانە یەکبگرن و خەباتیان چڕتر بکەنەوە، هەروەها داوا لە هێز و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافی ژنان و منداڵان دەکەین بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت،بە تایبەتی داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە جینۆسایدیان ناساندووە، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەو دۆخانە، بۆ ئەوەی پێکهاتەی ئێزیدی نەکەوێتە ژێر فەرمانی نوێ.