تاژێ داوایەکی ئاڕاستەی سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنانی عێراق کرد

ئەهرام حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ داوای له سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنانی عێراق کرد بەشداری لەو بەیاننامەیەدا بکەن کە سبەینێ ٣ی حوزەیران لە موسڵ دەدرێت.

شەنگال

 

سبەینێ ٣ی حوزەیران بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" و بە بەشداری دەیان ژنی عێراقی، لە یادی ئەو ١٩ ژنەی لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە موسڵ بە زیندووی سووتێندران، بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە داوای لە هەموو ژنانی عێراق کرد بەشداری بکەن.

 

"ئازاری هەموو ژنان یەکەو با سبەینی یەک بین"

 سەبارەت بە مەبەستی بەیاننامەکە، ئەهرام حسێن ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ قسەی کرد و داوای بەشداری کردو وتی: وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی بەپێویستمان زانی سبەی بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکەین و دەنگی خۆمان بگەیەنین بە هەموو ژنان، بانگەوازمان بۆ هەموو ژنان ئەوەیە سبەی بێنە موسڵ بۆ بەشداریکردن لە بەیاننامەکەمان، ڕۆژی ٣ی حوزەیران ١٩ ژنی ئێیزدی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە گیرابوون لە قەفەسێکدا لە موسڵ سووتێندران، ئەو ژنانە مردنیان بۆ خۆیان قبوڵ کرد بەڵام هەنگاوێکیان لە ئایینەکەیان پاشەکشە نەکرد، داوای ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ئەوەیە سبەی هەموو ژنان بە یەک دەنگ لە موسڵ بەیاننامە بدەن،  ئازاری هەموو ژنان یەکەو با سبەی پێکەوە ئەو ئازارە بەش بکەین.