تاژێ: بۆ ڕێگری لە فەرمانێکی نوێ پێویستە ڕێگری لە داگیرکاری تورکیا بکرێت

لیژنەی دیپلۆماسی تاژێ نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمانی سویسرا کرد کە بە فەرمی دانی بە جینۆسایدی شەنگالدا ناوە، لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە: بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ بکرێت، پێویستە ڕێگری لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بکرێت.

شەنگال

 

لە ١٧ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا پەرلەمانی سویسرا بە فەرمی دانی بەو جینۆسایدەدا نا کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەسەر دەستی چەتەکانی داعش بەسەر پێکهاتەی ئێزدیدا هات، لیژنەی دیپلۆماسی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" نامەیەکی ئاڕاستەی پەرلەمانی سویسرا کرد.

 

تاژێ لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە، داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا کە داعش بە زیندووی دەهێڵێتەوە، مەترسییەکی جددی بۆ سەر عێراق و بەتایبەت بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدی لە شەنگال دروست دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، داوا دەکەین کە چەتەکانی داعش و هاوبەشەکانیان، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا، لە دادگای نێودەوڵەتیدا دادگایی بکرێن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ بکرێت، پێویستە ڕێگری لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بکرێت.

 

دەقی نامەی تاژێ بەم شێوەیەیە:

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، سەبارەت بە پێکهاتەی ئەرمەنی، ئێزدی، مەسیحی کوردی و .... هتد، دەیان کۆمەڵکوژی بە ئامانجی لەناوبردنیان ڕوویانداوە، پێکهاتەی ئێزدی یەکێکە لەوانە کە لە مێژوودا ٧٤ فەرمانی بەسەردا هاتووە، لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا، باوەڕی ئێزدییەکان یەکێکە لەو باوەڕە کۆنانەی کە هەزاران ساڵە لەگەڵ ئایینەکانی دیکە لەسەر ئەم خاکە ژیاوە و زیانی بە هیچ ئایین و کۆمەڵگەیەکی دیکە نەگەیاندووە، ئەم کولتوورە کۆنە ٧٤ جار لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کراوەتە ئامانج و هێرشی جینۆسایدی لەسەر کراوە، ئەو فەرمانەی کە جیهان شاهیدی بوو، فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بوو، کە لەسەر دەستی چەتەکانی داعش بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگالدا بەڕێوەچوو، هێزێکی تاریکی وەک داعش بە دڕندانەترین شێوە لە بەر چاوی جیهان هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی و فەرمانێکی بەسەردا سەپاند، ئەو دڕندەییانەی داعش لە دژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامیان داوە، بە دەگمەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەبیندرێن.

 

''هەنگاوێکی ئەرێنییە''

١٠ ساڵ بەسەر ئەم فەرمانە تێدەپەڕێت، لەم ١٠ ساڵەدا ١٤ وڵات بە فەرمی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یان بە جینۆساید ناساند، بە دڵنیاییەوە ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە، دوایین جار، لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، پەرلەمانی سویسرا بە فەرمی دانی بە جینۆسایدەکەدا نا، ئێمە تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" بە گرنگ و ئەرێنی دەزانین، ئێوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆرتان لەسەر دڕندەییەکانی چەتەکانی داعش لەدژی پێکهاتەی ئێزدی لە شنگال کرد کردووە و لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەشدا بە فەرمی فەرمانی ٧٤تان بە جینۆساید ناساند، دڵنیاین لە پێناو دادگایی کردنی داعش و هاوبەشەکانیان، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا، کە تاوانباری سەرەکی ئەو فەرمانە بوون، ئەرکە مرۆییەکانی خۆتان جێبەجێ دەکەن، دەوڵەتی تورک، بە پاڵپشتیی داعش و پارتی دیموکراتی کوردستان بە فرۆشتنی شەنگال و خیانەتکردنیان، بوونە ئەنجامدەری جینۆساید. دە ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا داعش و ئەنجامدەرانی ئەم جینۆسایدە لە دادگای نێودەوڵەتی دادگایی نەکراون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی داعش جارێکی دیکە خۆی زیندوو بکاتەوە، مانەوەی داعش مەترسی فەرمانی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

 

"بۆ ئەوەی کۆتایی بە فەرمانەکە بهێندرێت، پێویستە تاوانباران دادگایی بکرێن"

ئەمڕۆ بە سەدان شانەی نهێنی چەتەکانی داعش لە عێراق و سووریا هەن، دەوڵەتی تورک بە پاڵپشتی چەک، لۆجستی، مەشق و ڕاهێنان، داعش بەهێز دەکات و بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، نموونەی ئەمە لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و لە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی و دواجاریش لە شەهبا و مەنبج دەبینین، ئەم شوێنانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراون و چالاکییەکانی شێوەی داعش لەوێ بەردەوامن، ڕۆژانە خەڵک دەڕفێندرێن، دەکوژرێن و ئاوارە دەبن، ژنان تووشی ئازار، دەستدرێژی و کوشتن دەبن، لەم دواییانەدا، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لە شەهبا سەری ژن و منداڵانیان بڕی و بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتیانن، جینۆساید لەم شوێنە داگیرکراوانە بەردەوامە، ئێزدی، کورد، مەسیحی، موسڵمان و پێکهاتەکانیان تووشی جینۆساید دەبن، بۆ ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە ڕۆژانەیە ڕابگیرێت، پێویستە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ڕابگیرێن، و تێکۆشانی لە بەرامبەر داعش بەهێزتر بکرێت، داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا کە داعش زیندوو دەکاتەوە، مەترسییەکی جددی لەسەر عێراق دروست دەکات، بەتایبەتی بۆ سەر پێکهاتەی ئێزدی لە شەنگال.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمەی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ"، داوا دەکەین کە چەتەکانی داعش و هاوبەشەکانیان، پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا، لە دادگای نێودەوڵەتیدا دادگایی بکرێن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ بکرێت، پێویستە ڕێگری لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بکرێت.