تاڵیبان هێرشی کردە سەر زۆزانەکان و ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ژنان بوونەوە

ژنانی شاری بامیان لە ئەفغانستان بە چوونە ناو زۆزانەکان بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، سەفیا موراد ڕایگەیاند، چەتەکانی تاڵیبان هەوڵیانداوە دەست بەسەر بەروبووم و ئاژەڵەکانیاندا بگرن، بەڵام ژنانی ناو زۆزانەکان دژایەتیان دەکەن.

بەهاران لاهیب

 

بامیان- لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١ وە دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت، ژنان لە هەموولایەکەوە تووشی فشار و توندوتیژی بوون، شاری بامیان کە زۆرترین ڕێژەی ژنانی تێدایە کە دەتوانن بخوێننەوە و بنووسن، خەڵک لە هەموو شوێنێک ڕەنگی ژنان دەبینن، لە شاردا ژنان بە بەخێوکردنی ئاژەڵ بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، ئەو ژنانەی لە وەرزی بەهاردا دەچنە زۆزانەکان، دوای تەواوبوونی وەرزی هاوین، دەگەڕێنەوە شارەکەیان بۆ فرۆشتنی بەرهەمی شیر.

 

 ژنانی بامیان ڕایانگەیاند، چەتەکانی تاڵیبان هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی بەرهەم و ئاژەڵەکانیان دەدەن و بەڵام بەرخۆدانیان کردووەو ڕێگەیان بەم کارە نەداوە.

 

سەردانی یەکێک لە زۆزانەکانمان کرد کە ژنان خاوەندارێتی دەکەن و قسەمان لەگەڵ سەفیا موراد کرد کە دایکی ٦ منداڵە ڕوونیکردەوە، ساڵانە دوای توانەوەی بەفر لە شاخەکاندا، درەخت و میوەی شاخەکان تازە دەبنەوە، دەچن بۆ بنارەکان و ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕێن و لە پاییزدا ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕەکان دروستیان کردووە بۆ خۆیان دەفرۆشن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

 

هاوینان لەزۆزانەکاندا بەسەر دەبەین

سەفیا موراد ڕایگەیاند، ساڵانێکە خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پیاوان لەگەڵ ئێمە لە یەک شوێن نامێننەوە، هەر بۆیە ئێمەی ژنان ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرینەبەر بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، ژووری خۆمان دروست کردووە و لە وەرزی هاویندا لەگەڵ یەکێک یان دوو منداڵمان لێرە کار دەکەین، ئاگاداری منداڵەکانمان دەبین، بەرهەمی شیری خۆمان دروست دەکەین و لە پاییزدا بە بەرهەمەکانمانەوە دەگەڕێینەوە ماڵەوە.

 

تاڵیبان ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ژنان بوونەتەوە

سەفیا موراد ئاماژەی بەوەکرد، تاڵیبان کۆمەڵێک باندیان بە ناوی کوچیس ڕێکخستووە بۆ جیاکردنەوەی نەتەوەکان، ئەو گروپەش بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی بەرووبوم و ئاژەڵەکان هێرشیان کردە سەریان و وتی: ئەو گروپەی هێرشیان کردە سەرمان ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ئێمە بوونەتەوە، ڕێگەمان پێنەدرا ئاژەڵ و بەروبوومەکانمان ببەین، هەرچەندە بە چەک هەڕەشەیان لێکردین بەڵام ئێمە بەرگریمان لە خۆمان کرد و ڕێگەمان نەدا بچنە ناو زۆزانەکانەوە.

 

"هیچ ژنێک پاشەکشە ناکات"

سەفیا موراد وتی: بەرخۆدان دژی تاڵیبان لە گەشەکردندایە، ڕێگه نەدرا به ژن بچنه ناو هیچ شوێنێک، بۆ ترساندن تەقەیان کرد، بەڵام یەک ژنیش پاشەکشەی نەکرد، وتمان هەموو تاوانباران لە وڵاتەکەمان دەرئەکەین، دەڵێن پیاوان لە ڕووی کار و خەباتەوە بەهێزترن لە ژنان، بەڵام کاتێک سەیری خۆم و ژنانی دەوروبەرم دەکەم، ئەم جیاوازییە نابینم.