تاڵیبان ڕێگری لە نمایشکردنی بەرهەمەکانی ژنان دەکات و هەڕەشە لە خۆپیشاندەران دەکات
پێشانگای کابول کە مەبەست لێی نمایشکردنی داهێنان و بەرهەمەکانی ژنان بوو، بووە زیاتر دەرخستنی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەریاندا سەپێندراوە، دوو ڕۆژ پێش کردنەوەی، ژنانی خاوەنکار و پیشەوانان ئاگادارکرانەوە کە قەدەغە کراون لە دانانی کۆشکەکانیان.
بەهاران لە هیب
کابول- لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژنانی ئەفغانستان دەرفەتی سنوورداریان دۆزیوەتەوە بۆ کارکردن لە بواری بازرگانی، پیشەسازی دەستی، نیگارکێشان و بەرهەمهێنانی خۆراکدا، لە ڕێگەی ئەو پێشانگایانەی کە ساڵانە سێ یان چوار جار ئەنجام دەدرێن، هەوڵیان داوە بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە و کارە بچووکەکانیان لەناو ئەو بارودۆخە سەختەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڕێ بکەن.
پێشانگایەک لەم دواییانەدا لە ناوچەی بادام باغ لە کابول بەڕێوەچوو، لە ٢ تا ٩ی تشرینی دووەم، سەرەڕای ئەوەی پێشتر دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بەرهەمەکانیان نمایش بکەن، بەڵام سەریان سوڕما کە ڕێگرییان لێکرا لە دانانی کۆشکەکانیان، ئەندامانی لیژنەی بەرەوپێشبردنی چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاری پێیان ڕاگەیاندن، "فەرمانی فەرماندەی ئیمانداران هیبەتوڵا ئەوەیە کە ژنان بۆیان نییە بەرهەمەکانیان نمایش بکەن".
ئێمە چووینە پێشانگاکە بۆ ناسینی ژنانی پارێزگا جیاوازەکان و ئاگاداربوون لە بەرهەم و بارودۆخەکانیان، بەڵام لەگەڵ چەند سەردانکەرێکی دیکەی ژن، لە دەروازەی بادام باغ وەستاین، ڕێگاکانی بەرەو شوێنی کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی زۆر میلیتاریزە کرابوون، لە دیمەنێکدا کە زیاتر لە ئامادەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەرفراوان دەچوو نەک ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی کە بۆ پێشانگای بازرگانی جێبەجێ دەکران.
کاتێک پرسیارمان لە هۆکاری ئەم جێگیرکردنە کرد، دانیشتوویەکی ناوچەکە وتی: دەسەڵات ترسی ئەوەی هەیە ژنان وەک ناڕەزایەتییەک بڕژێنە سەر شەقامەکان، هەر بۆیە پێشوەختە ئامادەکارییان کردووە، هەروەها ئەم کۆبوونەوە سەربازییە وایکردووە وا دەرکەوێت کە تاڵیبان خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات، نەک ڕووبەڕووی ئەو ژنانە ببنەوە کە جگە لە ئامڕازی ناڕەزایەتی هیچیان هەڵنەگرتووە.

"بە زۆری هێزی چەک بڵاوەیان پێکردین"
بۆ تێگەیشتن لە کاریگەری ئەو بڕیارە لەسەر ژنانی کرێکار، چاومان بە سۆفیا سەفی مامۆستای پێشووی زانکۆ کەوت، دوای ئەوەی تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات و کارەکەی لەدەستدا، لە پیشەسازی جلوبەرگی ژنان و مۆدەی نەریتی ئەفغانستاندا کاردەکات.
سۆفیا سافی دوکانێکی بچووکی لە یەکێک لە بازاڕە قەرەباڵغەکانی کابول بەڕێوەدەبات، لەوێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە کاردەکات، وتی: من پرۆفیسۆر بووم لە زانکۆیەکی کابول، وانەی زانستم دەگوتەوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی تاڵیبان کارەکەم لەدەستدا، لەگەڵ کچە گەورەکەم بە سەرمایەی زۆر سنووردار دەستم بە پڕۆژەکە کردووە، ئەمڕۆش کار بۆ ٢٠ ژنی دیکە دابین دەکەین کە لە ماڵەکانیانەوە کاردەکەن.
سەبارەت بە دوورخستنەوەیان لە پێشانگاکە، وتی: هەفتەی ڕابردوو، چووینە کۆشکی تەرخانکراومان، بەڵام سەرمان سوڕما لە دەرگای چوونە ژوورەوەی بادام باغ کۆبوونەوەیەکی نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ ژنمان دۆزیەوە کە ڕێگرییان لێکرا بچنە ژوورەوە، ئەو کات بوو کە درکمان بەوە کرد، کە ناتوانین بەرهەمەکانمان نمایش بکەین یان بفرۆشین. ئەوان بە زۆری هێزی چەک بڵاوەیان پێکردین.
بابەتەکە تەنها لە بێبەشکردنی ژنان لە بەشداریکردن نانوەستایەوە، بەپێی وتەی سۆفیا سافی، لەوکاتەوەی ڕێگرییان لێکراوە بچنە ناو پێشانگاکەوە، فرۆشگاکەی ئەو و فرۆشگەی ژنانی تر لە کابول کەوتوونەتە ژێر چاودێری و ڕاوەدوونان، ئەندامانی دەستەی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە دەچوونە فرۆشگاکانیان و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر تێیدا دەمانەوە، لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی بزانن ئایا ژنان پلانیان هەیە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ترسی تاڵیبان لە چالاکی ژنان پاڵدەنێت بۆ پەنابردنە بەر توندوتیژی و چاودێری. وتی: مەبەستمان بوو ناڕەزایی دەرببڕین، بەڵام ئێستا هەراسان دەکرێین، ئیتر هەڕەشەکان تەنها لە ئێمەدا سنووردار نین، بە هەمان شێوە بۆ خێزانەکانمان درێژبوونەتەوە ئەمجارە نەمانتوانی دەنگی خۆمان بگەیەنین، بەڵام دڵنیام کە ژنان خۆیان ڕۆژێک ئەم بزووتنەوەیە ستەمکارە بێدەنگ دەکەن.