تاران دەسوتێت بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر زیانە گیانییەکان لەبەردەستدا نییە

دوابەدوای گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران بەردەوام بوون، ناوچە بەرفراوانەکانی تاران و چەند پارێزگایەکی دیکە شایەتی تەقینەوەیەکی سەخت بوون کە هێشتا وردەکاری تەواوی لەبەردەستدا نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان، فەرماندەکانی سوپای پاسداران و پاڵاوگەکانی نەوت لە ئێران بەردەوامە، کە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی حوزەیران دەستی پێکرد، بە وتەی شایەتحاڵان و سەرچاوە خۆجێییەکان، چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی تاران، لەوانە شەهران، نرماک، سەعادە ئاباد، شەهر رای، شەهرک غەرب، و نوبونیاد بیستراوە.

 

هەروەها هەواڵی هێرشکردنە سەر دامەزراوە هەستیارەکان لە کەرەج، هەمەدان، ئەراک، تەورێز، خرم ئاباد، بەندەر عەباس، و کرماشان بڵاوکرایەوە، بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی، ئامانجی هێرشەکان بریتی بوون لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، کۆگاکانی چەک، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و پاڵاوگەکانی نەوت.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای بۆردوومانی پاڵاوگەی نەوتی شەهران، داوا لە بەشێک لە دانیشتووانی ئەو شارە کراوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل کۆگاکانی نەوتی شەهرانیان لە ڕۆژئاوای تاران کردە ئامانج و وێنە بڵاوکراوەکانیش ئاگرێکی گەورە دەردەخەن.

 

سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکان و بەئامانجکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون بەتایبەتی لە تاران، تا ئێستا سەرچاوە فەرمییەکان ئامادە نەبوون ئاماری ژمارەی کوژراوەکان بخەنەڕوو، تەنیا دوێنێ بوو کە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٦٠ کەس لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی دە نهۆمی کوژراون.

 

کۆردیوناسی یەکیەتیەکانی مامۆستایانی ئێران هەروەها کوژرانی مامۆستا و شاعیری لاو پەرنیا عەباسی لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە تاران ڕاگەیاند، هەواڵی گیانلەدەستدانی چەند وەرزشوانێکی ئێرانیش بڵاوبووەتەوە.

 

سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی کوژرانی سەربازان و نەبوونی سەرچاوەی فەرمی حکومەت کە ڕایبگەیەنن، ئیسرائیل ئەگەری کردە ئامانجی وەزیری بەرگری ئێرانی ڕاگەیاند.

 

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین ئامانجی سەربازی ئێران لە ناوخۆی وڵاتدا کراوەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەن بۆ چوونە ناوەوەی هەواڵگری ئیسرائیل بۆ ناو ئێران، لە بەرامبەر ئەم هەواڵانەدا، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە هاوڵاتییان کرد کە هەر جوڵەی گوماناوی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان ڕاپۆرت بکەن، پشتڕاستی کردەوە کە کەرەستەی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بە بارهەڵگری سووک لەسەر خاکی ئێران دەگوازرێنەوە.

 

سوپای ڕژێمی ئیسرائیلی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە بنکەیەکی ژێرزەمینیی لە خرم ئابادی ناوەندی پارێزگای لوڕستانی کردۆتە ئامانج کە مووشەکی ڕووکار بۆ سەرزەوی و کروز لەوێ هەڵدەگیرێن.

 

هەروەها سوپای ئیسرائیل وەزارەتی بەرگری ئێران و ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی بەرگری "SPND"ی کردە ئامانج.

 

لە تاران دۆخەکە ناسەقامگیری ماوەتەوە و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان شەو لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و ژێرزەمین و دەرەوەی تاران بەسەر دەبەن.

 

لەم مەرجانەدا هیچ پەناگەیەک نییە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەدوایدا بگەڕێن، مەهدی چەمران، پێشەنگی ئەنجومەنی شاری تاران، وتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی شەڕمان دەبێت لە هەمان پەناگەی ڕابردوو کەڵک وەربگرین.

 

هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

شەوی ڕابردوو هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بوو، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل، لەو هێرشانەدا کە شارەکانی تەل ئەبیب و حەیفایان کردۆتە ئامانج، ٩ کەس کوژراون.

 

شرۆڤەکاران هۆشدارییان داوە کە لەگەڵ بەردەوامی ئەم هێرشە دژە هێرشانە، مەترسی پەرەسەندنی ململانێکان بۆ شەڕێکی ناوچەیی تەواو زیاتر لە جاران زیادی کردووە.