سزای لەسێدارەدان لەلایەن دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتەوە ئیدانەکرا

دایکانی ئاشتی ڕۆژهەلاتی کوردستان کۆبوونەوە و وێڕای پشتیوانی لە هەڵمەتی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیان ئازاد"، سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەم، دایکانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گردبوونەوەیەکدا وێڕای پشتیوانی لە هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد"، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤، هاوکات لەگەڵ چواردەیەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و سێ زیندانی سیاسی کورد دەستیپێکرد، وێڕای شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەو سزا نامرۆڤانایانە بوون.

 

دایکانی ئاشتی لە شاری سنە، بە گرتنە دەستی وێنەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دوو زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئێڤین، کە بە تۆمەتی "یاخیبوون" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و دروشمی "نا بۆ سێدارە" و "ژن،ژیان، ئازادی"، چڕبوونەوەی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران شەرمەزار کرد، هەروەها  پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار ڕاگەیاند.

 

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" و چالاکوانانی مافی ژنان کە لە ٩ی ئایاری ٢٠٢٤، لە هەمانکاتدا لەگەڵ چواردەیەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی شیرین عەلەمهولی و هەر چوار هاوڕێکەی، هەڵمەتی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد"یان دەستپێکرد و داوایان لە هەموو هێزە دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان کرد لەم هەڵمەتەدا یەکبگرن بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و دروستکردنی ڕێگایەکی بەکۆمەڵ بۆ ژیانێکی ئازاد.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردۆتەوە، لانیکەم ٥٤ زیندانی کە لەوانە ١٢یان  زیندانی کوردن، بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.