سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق دەستیپێکرد
سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق بۆ ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی قڕکردنی ژن ببە دەنگی خۆپاراستن" لە بەغدا دەستیپێکرد.
بەغدا
بە دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی قڕکردنی ژن ببە دەنگی خۆپاراستن" سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق لە ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" و کۆمەڵەی ژنانی عێراق و ڕێکخراوی کولتوور بۆ ژنان و منداڵان لە هۆڵی قەسری سەدر لە بەغدا دەستیپێکرد.
دوای یەک خولەک ڕێزگرتن لە گیانی ئەو کەسانەی لە فەرمانی ٧٤ی چەتەکانی داعش لەسەر شەنگال گیانیان لەدەستدا، وتاری دەستپێک لەلایەن فەریدە شەنگالی، ئەندامی دیپلۆماسی تاژێ پێشکەشکراو ئەو کەسانەی بەبیرهێنایەوە کە لەو فەرمانەدا گیانیان لەدەستدا.
فەریدە شەنگالی وتی: ئێمە لە یادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤داین، کە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدیەکان ڕوویدا، سەرەتا زیانبەرکەتووانی فەرمانی ٧٤ بە ڕێزەوە یاد دەکەینەوە و سەری ڕێز و سوپاسگوزاری بۆ یادەوەرییان دادەنوێنین، کۆمەڵگەی ئێزیدی خاوەنی کولتوورێک، ئایینێک، باوەڕێکی کۆنی هەزار ساڵە، بۆ پاراستنی ئایینی ئێزدییەت، ژنانی ئێزدی هەمیشە خاوەن خەبات و بەرخۆدانی مانادار بوون، چونکە کۆمەڵگەی ئێزیدی کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازە، هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ گەل و نەتەوەیەکی تر، بەڵام سیستمی دەسەڵاتدار هەمیشە ویستوویەتی ڕەگی مرۆڤایەتی و کولتوور و بیروباوەڕی کۆنی تەواوی گەلان بنبڕ بکات، تەنیا پێکهاتەی ئێزدی نەبووە زیانبەرکەوتووی ئەو کۆمەڵکوژی و فەرمانانە بێت، هاوکات گەلی عەرەب، مەسیحی، کورد، کاکەیی، ئەرمەنی هەموویان کۆمەڵکوژییان بەخۆوە بینیوە.
"تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن نادیارە"
فەریدە شەنگالی تیشکی خستەسەر فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ و ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژنی ڕفێندراو لەو فەرمانەدا نادیارە و وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژنان و منداڵان هەمیشە زیانبەرکەوتووی ئەو فەرمانانەن. کۆمەڵگەی ئێزدی بە درێژایی مێژوو ٧٤ فەرمانی پێدراوە، زۆرترین فەرمان لەسەر کۆمەڵگاکەمان لەلایەن عوسمانییەکانەوە ئەنجام دراون، دوا فەرمان لە سەدەی ٢١دا لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە لایەن چەتەکانی داعش و هاوبەشەکانیانەوە بە بەرچاوی جیهانەوە زیندوو کرایەوە، زۆربەی ژنان و منداڵان بوونە زیانبەرکەوتووی ئەو فەرمانە، لە کەسایەتی ژنە ئێزیدییەکەدا، پێکهاتەی ئێزیدی بە قڕکردندا دەرباز بوو، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هەزاران ژن و منداڵ و خەڵکی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە گیران، تا ئێستا هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی چارەنووسیان نادیارە، هەزاران کەس ئەشکەنجە دران و کوژران، ژنانی ئێزدی لە بازاڕەکاندا لەلایەن داعشەوە فرۆشران، دەستدرێژییان کرایە سەر، ناچاربوون ئاین و باوەڕیان بگۆڕن، منداڵانی ئێزدی بە زۆر دەخرانە ناو سەربازەکانیانەوە، هەروەها دەیان هەزار ئێزیدی لە شوێن و ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون و شەنگال وێران کرا، چەتەکانی داعش فەرمانەکانیان بەبیانووی ئەوەی پێکهاتەی ئێزیدی ئایینێکی جیاوازیان هەبوو ئەنجامدا، داعش شوێنی پیرۆز و مەزارگەی ئێزیدیەکانی لە شەنگال تەقاندەوە و پیرۆزی کۆمەڵگەی موسڵمانی تەقاندەوە و شوێنی پیرۆزی کۆمەڵگەی مەسیحی تەقاندەوە، هەروەها دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ دروستکران و تا ئێستا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ نەکراونەتەوە، زاندراوە کە لەم دواییانەدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە شاری تەلەعفەر کرایەوە کە نزیکەی دوو هەزار تەرمی تێدا دۆزرایەوە.
"ژنان بەرخۆدانیان کردو ڕادەست نەبوون"
فەریدە شەنگالی تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ژنان و وتی: هەمووان دەزانن کێ شەنگالی نەپاراستووە و هەڵاتووە و کۆمەڵگەی ئێزیدی لە دەستی چەتەکانی داعش بەجێهێشتووە, ئەو هێزانەی لەو سەردەمەدا لە شەنگال دەسەڵاتیان هەبوو، شەنگالیان بە داعش فرۆشت و پشتیان کردە گەلی شەنگال، لەو فەرمانەدا، ژنانی ئێزیدی کە دەستدرێژیی داعشیان قبوڵ نەکرد، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا وەک شەهید جیلان و شەهید زێرێ، هەروەها ئەو ژنانەی لە بەرامبەر داعش شەڕیان کرد بوونە سیمبولی بەرخۆدان، ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لە مانگی ڕەمەزاندا لە شارەکانی موسڵ، ١٩ژنی ئێزدی کە باوەڕیان نەگۆڕیبوو، بە زیندووی لە قەفەزی ئاسنیدا سووتێندران.
"ئازاری ژنان وەک یەکە"
لە کۆتایی قسەکانیدا، فەریدە شەنگالی تیشکی خستەسەر ژنانی ئێزیدی و گرنگی کۆنفرانسەکەو وتی: نابێت جارێکی دیکە فەرمانەکە دووبارە بکرێتەوە، نابێت ژنان تووشی جینۆساید بکرێن، پێویستە بتوانن خۆیان و کۆمەڵگەکەیان بپارێزن، ئەمڕۆ هاوبەشی ئەو ئازارە دەبین کە ژنان و کۆمەڵگەی ئێزیدی لەم کۆنفرانسەدا تووشی بوون، ئازاری ژنانی ئێمە هەر یەکە، لە هەر شوێنێک بێت، هێرشەکان بۆ سەر ژنان هەمان ئامانج و عەقڵیەتی پیاوسالارییان هەیە، لە ڕۆگاری ئەمڕۆدا ژنان لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا تووشی هێرش و توندوتیژی و ئازاردان دەبن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەم کۆنفرانسەی ژنانی عێراق بۆ یادی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە دروشمی "بە تێکۆشانی هاوبەش لە دژی قڕکردنی ژن ببە دەنگی خۆپاراستن" گرنگی مێژوویی هەیە بۆ بونیادنانی ئازادی و ژیانی دیموکراسییە ئێمە پێمان وایە یەکڕیزی و خەباتی هاوبەشی ژنان ڕێگری لە قڕکردنی ژنان دەکات، ئێمەی ژنان بە یەکڕیزی و ڕێکخستنی خۆمان داوای لێپرسینەوە لە داعش و هاوبەشەکانیان دەکەین، لە کۆتاییدا جارێکی تر بەخێرهاتنتان دەکەین و سوپاسی ئەو میوانە بەڕێزانە دەکەین کە بەشداریان لەم کۆنفرانسەدا کردووە.
کۆنفرانسەکە بەو بابەتانە بەردەوامە کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.