سێیەمین فێستیڤاڵی کشتوکاڵی ڕاپەڕین لە ڕانیە بەڕێوەدەچیت
فێستیڤاڵی کشتوکاڵی ڕاپەڕینی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە پارکی دەروازەی شاری ڕانیە دەستیپێکرد؛ لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە ١٤٠ کەپر بۆ پیشاندانی بەرهەمی جوتیاران، ژنان و خاوەن پرۆژەکان داندراوە.
ڕانیە
دوێنێ سێیەمین فێستیڤاڵی کشتوکاڵی ڕاپەڕین بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەڕین، لە پارکی دەروازەی شاری ڕانیە دەستیپێکرد و تا ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
فێستیڤاڵەکە کە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە ١٤٠ کەپر لەخۆدەگرێت و تێیدا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمی خۆماڵی، شیرینی، کاری دەستی و بەرهەمی خاوەن پرۆژە و ژنان پیشان دەدرێن.
بەپێی زانیارییەکان، ڕێژەی بەشداریکردن لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە و فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکە بۆ ناساندنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و ڕاستەوخۆ پەیوەندیکردنی بەرهەمهێنەران بە کڕیاران.
فێستیڤاڵەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ١٢ی شەو بەردەوام دەبێت.
فاتمە عەلی حوسێن، لە گروپی ژنانی "پەری" لە قەڵادزێ، یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کە بە بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی بەشداری کردووە وتی: بەرهەمەکانی لە بەرهەمی باخەکەی خۆمە و لەگەڵ خزمەتکردنی باخەکە، بەشێک لە بەرهەمەکان وشک دەکەمەوەو بۆ فرۆشتن دەخەینە بازار، بۆ یەکەمجار بەرهەمی میوەی کاکتوسی خستووەتە بازارەوە، کە بەپێی وتەکەی لە ناوچەی پشدەر بەرهەمێکی باو نییەو چەندین ساڵە خۆی ئەم بەرهەمە دەچێنێت.
ئەو جگە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بە کاری دەستییەکانی خۆیشی بەشداری کردووەو ئاماژەی بەوەکرد، لە منداڵییەوە حەزی بە کاری دەستی هەبووە و جۆرەها کاری دوورینی دەزانێت.
یوکان عەبدوڵا، یەکێکی تر لە ژنانی خاوەن پیشە، بە شیرینی بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردووە وتی: ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە دەرفەتێکی باشن بۆ ناساندنی بەرهەمەکان، چونکە بەشداربووان دەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ کڕیاران پەیوەندی دروست بکەن، زۆربەی پێداویستییەکانی بەرهەمی شیرینی لەلایەن خۆیانەوە دابین دەکرێت و لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی ئەم کارە بەڕێوەدەبات.
نزار محەمەد، خاوەن پرۆژەیەکی کشتوکاڵی و یەکێک لە بەشداربووان وتی: ئەم فێستیڤاڵانە بۆ خاوەن پرۆژە و خانمانی دەستڕەنگین دەرفەتێکی گرنگن بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان وتی: هەرچەند لە ڕێگەی فێستیڤاڵەکەوە نەیتوانیوە بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بفرۆشێت، بەڵام توانراوە بەرهەمەکانی بە کەسانێک بناسێنێت کە لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان شارەزاییان هەیە، لە پرۆژەکەی خۆیدا قارچکی زەرد و ڕەش بەرهەم دەهێنێت و لە داهاتوودا پلان هەیە بەرهەمی پەمەیی زیاد بکات و بەشێک لە بەرهەمەکانیش وشک بکاتەوە.
هەروەها باسی لە بەرهەمێکی دیکەی پرۆژەکەی کردو کە بە وتەی خۆی پاودەری قارچکە و بۆ کەسانێک کە ناتوانن قارچک بە شێوەی ئاسایی بخۆن، دەتوانرێت لە خواردن و سۆپدا بەکاربهێنرێت، پێویستە لە فێستیڤاڵەکانی داهاتوودا پرۆژە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی جیاواز ڕێکبخرێن و پشتگیری زیاتر لە خاوەن ئەم پرۆژانە بکرێت، بەتایبەتی لە بواری بازاڕکردن و گەشەپێدانی پرۆژەکان.