سیما باهۆس: پێویستە دەستبەجێ مافی ژنانی ئەفغانستان بگەڕێندرێتەوە
لە کاتێکدا تاڵیبان زەنگی چوارەمی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لێدا، سیما باهۆس، سەرۆکی بەشی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد قوتابخانەکان بۆ خوێندکارانی کچی سەرووی پۆلی شەشەم بکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ساڵی نوێی خوێندن لە ئەفغانستان دەستیپێکرد لەکاتێکدا بۆ ماوەی چوار ساڵ لەسەریەک خوێندکارانی کچی سەرووی پۆلی شەشەم ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە خوێندن، هەروەها دەرگای خوێندنگە و زانکۆکان بەڕووی ژناندا داخراوە. گرووپی بناژۆخواز و ژنکوژی تاڵیبان کە بۆ دووەمجار لە ئەفغانستان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، چوونە زانکۆی ژنانی سەرووی پۆلی شەشەمی قەدەغە کرد.
ڕۆژی ٢٥ی ئادار سیما باهۆس، بەرپرسی بەشی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاردانەوەی بەرامبەر بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە دەرەوەی پۆلی شەشەم لە ئەفغانستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ئەکاونتی X ی خۆیدا، ئەم پرۆسەیەی بە پێشێلکردنی مافی خوێندن یژنانی ئەفغانستان ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ژنان لە ئەفغانستان دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و مافی خوێندنیان بەدەستبهێنن.
وتیشی: لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەفغانستان، بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک دەرگای قوتابخانەکان بەڕووی هەزاران ژندا بە داخراوی دەمێنێتەوە، ئەم پێشێلکردنی مافی خوێندنیان کاریگەری لەسەر نەوەکان دەبێت."
هەروەها سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لانیکەم ٤٠٠ هەزار ژنی دیکە لە مافی خوێندن بێبەش کراون، ئەگەر قەدەغەکردنی خوێندنی کچان تا ساڵی ٢٠٣٠ بەردەوام بێت، ئەوا زیاتر لە چوار ملیۆن ژن لە مافی خوێندن بێبەش دەبن.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە دەرەوەی پۆلی شەشەم بەرزبووەتەوە، هاوکات وەزارەتی پەروەردەی تاڵیبان بە مەراسیمێک لە کابول ئاهەنگی ساڵی نوێی خوێندنی گێڕا، جارێکی دیکەش بەرپرسانی ئەو گروپە بێدەنگ بوون لە کردنەوەی قوتابخانەی ژنان.
ئەمە چوارەم ساڵە تاڵیبان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات بەبێ ئەوەی ژن لە قوتابخانەکاندا بێت، ئێستاش ١٠٢٨ ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر ئەوەی ژنان بێبەشکراون بچنە قوتابخانە.