سیاسەتمەدارێکی چەپ: توندوتیژی نەوەی زی٢١٢ بێدەنگ ناکات

لە شەپۆلێکی بێوێنەی ناڕەزایەتیدا، کە چەندین شاری مەغریبی گرتووەتەوە، ژنان و گەنجانی نەوەی زی٢١٢ دروشمگەلێک بەرز دەکەنەوە کە داوای باشترکردنی خوێندن و تەندروستی و هەلی کار دەکەن.

حەنان حارت

 

مەغریب – لە ٢٧ی ئەیلوولەوە شارەکانی مەغریب شاهیدی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بوون بە سەرۆکایەتی نەوەی زی٢١٢، نەوەیەکی دیجیتاڵی لە سەردەمی مۆبایلە زیرەکەکان و پەیوەندییە مەجازییەکاندا لەدایک بووە، بەهۆی داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی پەیوەست بە دادپەروەری و یەکسانی و هەلی کارەوە.

 

لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکان کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەستی پێکرد، هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کرد بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە خۆپیشاندانەکەیان نایاساییە، ئەمەش بووە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەشداربووی ژن و پیاو، دواتر تێکدەرەکان دزەیان کردە ناو بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان و بە قاچاخ موڵکی تایبەتیان برد و ئاگریان لە دەرمانخانەیەک بەردا و هەوڵی هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی ڕۆیاڵ جەندرمەیان دا، کە ئەمەش گرژییەکانی سەر شەقامەکانی زیاتر پەرەی سەند.

 

بزووتنەوەکە بە خێرای فراوانتر بوو بۆ شارەکانی دیکە، وەک ئاگادیر، تێتوان، مەراکێش، کێنیترە و سافی، لەوێدا داواکارییەکان پەرەیان سەند و ڕەخنەی لە حکومەت و سیاسەتەکانی گیرایەوە، زۆربەی گەنجان و ژنان ناڕەزایەتی ئاشتیانەیان پاراست.

 

دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە ڕەخنەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، ئەمەش وایکرد حکومەت تێگەیشتنی خۆی لە توڕەی ئەم نەوەیە دەرببڕێت، ڕاگەیاندنە فەرمییەکان دووپاتیان کردەوە، کە لە ڕادەی نائارامی کۆمەڵایەتی تێگەیشتوە و هەوڵیداوە لە ڕێگەی گفتوگۆ و چاکسازییەوە چارەسەری بکات.

 

تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەکە گەڕابووەوە بۆ ئاشتی و ژنان و گەنجان ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦:٠٠ تا ٨:٠٠ی ئێوارە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ڕێکدەخست، هاوکات شەقامەکە چاوەڕوانی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانە، کە هەینی داهاتوو بڕیارە مەلیک محەمەدی شەشەم سەرۆکایەتی بکات و وتارێک پێشکەش بکات کە دەتوانێت داهاتووی بزووتنەوەکە لە قاڵب بدات.

 

"بێهیوای لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بووەتە سووتەمەنی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکە"

کەبیرە شاتر، چالاکوانی سیاسیی چەپی دیار لە لێدوانێکدا، بۆ ئاژانسەکەمان جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداریی ژنانی گەنج "بەرچاو بووە"، وتی: دروشمی کۆمەڵایەتی بنەڕەتییان بەرزکردۆتەوە، بەو پێیەی ئەوان پایەی هەموو حکومەتێکن، هەروەها داواکارییەکان بە "بە پلەی یەکەم کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندییان بە کار و تەندروستی و پەروەردە"ەوە دەستپێکردووە، بەڵام بە خێرای گۆڕا بۆ دروشمی سیاسی، لەوانەش ڕەخنە لە سەرۆک وەزیران و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکات، ئەم داواکاریانەی بە "یاسای زانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە پڕ لە ئازارەی کە گەنجان ئەزمونی دەکەن، لەوانە تێکچوونی نەخۆشخانە حکومییەکان، نەبوونی ئامێرەکان و ڕێژەی بەرزی وازهێنان لە خوێندن.

 

کەبیرە شاتر ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتوانرێت هەلی کار لەڕێگەی دروشمەوە بەدەستبهێنرێت، بەڵکو لەڕێگەی پشتگیریکردنی کارە بچووکەکان و ئاسانکاری دارایی و کەمکردنەوەی بارگرانی باج و کردنەوەی دەرفەتی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ گەنجانە، وتی: بێ هیوای سەبارەت بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بووەتە سووتەمەنی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکە.

 

بزووتنەوەکەی بە دەرئەنجامی "بۆشایییەکی سیاسیە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان دروستی کردووە، دوای ئەوەی پارتە چەپەکانیان پەراوێزخست و دەسەڵاتی بڕیاردانیان لە دەستی پارتە ئیدارییەکان چڕکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سیاسەتانەی کە پەیڕەو دەکرێن ملکەچین و بێتوانان لە وەڵامدانەوەی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەدا، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان دەوڵەت و گەنجان.

 

ڕەخنەی لە بوونی دەنگە کۆنەپەرستەکان گرت کە داوای هاوسەرگیری منداڵانی کەم تەمەن دەکەن لەکاتێکدا، کچەکانیان لە بەناوبانگترین زانکۆکان دەخوێنن، پێیوابوو ئەم قسە "وروژێنەریە" بەشداربووە لە پاڵنانی ژنانی گەنج بۆ داوای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

 

کێشەیەکی پێکهاتەیی پەیوەست بە سیاسەتە گشتیەکان

هەروەها شەرمەزاری دەستگیرکردنی ئەو ژن و گەنجانەی کرد کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و جەختی لە جیاکردنەوەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و تێکدەرانی کرد، هەروەها ئەوانەی کە خەریکی تێکدانن دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ئەوانەی بە ئاشتیانە داواکارییەکانیان دەردەبڕن، نابێت سزا بدرێن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە سەرکوتکردن بە تەنها بەس نییە بۆ بێدەنگکردنی ئەم نەوەیە، چونکە کێشەکە پێکهاتەی و پەیوەستە بە سیاسەتە گشتییەکانەوە، وتی: دادپەروەری هەڵبژێردراو متمانە بە حکومەت دەشێوێنێت و هەستکردن بە نادادپەروەری زیاد دەکات، مێژووی مەغریب لە ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩١ و دواتر ڕووداوەکانی ڕیف لە ساڵی ٢٠١٧ بەبیرهێنایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە توندوتیژی چارەسەر بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو ناڕەزایی و توڕەیی خەڵک زیاد دەکات.

 

کەبیرە شاتر، جەختی لەوە کردەوە، کە وڵات پێویستی بە دەستپێشخەرییەکی شاهانە هەیە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران، لەگەڵ لەکارخستنی حکومەت و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەتوانێت بژاردەیەکی ڕآستی بێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

 

هەروەها داوای لە هێزە کاریگەرەکانی وڵات کرد، لەوانەش دامەزراوە ئابووری و کارگێڕییەکان، چارەسەری کۆمەڵایەتی بەپەلە لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی و دامەزراندندا بگرنەبەر، جەختی لەوە کردەوە: کە تێکەڵکردنی گەنجان لە بەرنامەکانی پەروەردە و هەلی کاردا سەرەتای هەموو ئاشتەوایییەکی ڕاستەقینەی نیشتمانییە.

 

مەغریب لە یەکتربڕین

پێی وایە، ئەمڕۆ مەغریب لە گۆڕەپانێکی مێژووییدا وەستاوە: یان ڕێگای گفتوگۆ و چاکسازی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە هەڵبژێرێت، یان ڕێگە بە گرژییەکان بدات فراوانتر بن و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەن، ڕوونیکردەوە، کە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی ئاشتیانە و وەڵامدانەوەی ڕاستی بۆ داواکارییەکانی ژنان و گەنجان دەتوانێت هەنگاوی یەکەم بێت بەرەو بونیادنانی متمانەی نوێ لە نێوان دەوڵەت و هاوڵاتیاندا.

 

ئەو هۆشداریدا، لەوەی لایەنە دەرەکییەکان ئەم توڕەییە کۆمەڵایەتیە بقۆزنەوە بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات، وتی: داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان تەنها دروشمی زوو تێپەڕ نین، بەڵکو دەربڕینێکن بۆ هەڵچوونێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەتی قووڵ "ئاماژە بە تۆڕە هەڵنەبژێردراوەکان و کاریگەرەکانی ناو دەزگاکانی حکومەت"ە ئێستا پێویستە ڕێوشوێنی کردەیی و خێرا بگرێتەبەر، لەوانە پەروەردە، تەندروستی، و هەلی کار، هەروەها هاندانی وەبەرهێنان، پاڵپشتیکردنی گەنجان لە دامەزراندنی کاروبارەکان، و کەمکردنەوەی بارگرانی باجەکانیان، لەگەڵ پەنابردن بۆ توندوتیژی و دەستگیرکردن بۆ بێدەنگکردنی خۆپیشاندەران تەنها گرژییەکان زیاتر دەکات.

 

کەبیرە شاتر، چالاکوانی سیاسی چەپی دیاری چەپ لە کۆتاییدا، وتی: تێچووی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆر کەمترە لە تێچووی بەردەوامبوونی ئاژاوەگێڕی یان سەرکوت، هەروەها نەوەی زی٢١٢ دامەزراوەی شاهانەیان نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو ڕێزیان بۆ دەربڕیوە، دەستێوەردانی شاهانە بە ناوی گفتوگۆ و چاکسازی سیاسی کردە هەنگاوێکی پێویست بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.