سی پی تی: بۆ کەیسی بێریڤان ئەیوب پێویستە فشار دروستبکرێت

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوی سی پی تی داوا دەکات بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانیان، هەموو زیندانیان بگرێتەوە، ئەندامێکی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات کە بێریڤان ئەیوب بە نادادپەروەری ڕاگیراوە و کۆنسوڵخانەی بەریتانیا و شاندی یەکێتی ئەوروپای لێ ئاگادار دەکەینەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوی سی پی تی داوا دەکات بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی سزای زیندانیان، هەموو زیندانیان بگرێتەوە، ئەندامێکی ڕێکخراوەکەش ئاماژە بەوەدەکات کە بێریڤان ئەیوب بە نادادپەروەری ڕاگیراوە و کۆنسوڵخانەی بەریتانیا و شاندی یەکێتی ئەوروپای لێ ئاگادار دەکەنەوە.

سلێمانی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی سی پی تی کوردستانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دۆخی زیندانیانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا پێویستە بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموو زیندانیانی بادینان بگرێتەوە.

 

لە کۆنگرەکەدا کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ڕایگەیاند کە چاوەڕێ بوون بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٣ی مانگدا بڵاوکرایەوە، لابردنی تۆمەت و دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی بادینان بووایە و هەمووانی گرتایەتەوە، کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشدا دۆسیەی زیندانیانی بادینان هەمووان هاوتان و پەیوەستن بە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕێکخستنی خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی لە دەڤەری بادینان.

 

سی پی تی لە چاودێریکردنی ١٧ دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی ٨١ لە زیندانیانی بادینان جەخت لەوەدەکاتەوە کە بەڵگەیەکی پێویست دژ بە زیندانیان نییە و پرۆسەی دادگاییکردنیان نادادپەروەرانەیە.

 

بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەنها ٥ سزادراو دەگرێتەوە

هەر لە درێژەی کۆنگرەکەدا کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەدا بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەنها پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بە ناوەکانی "شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز ئەکرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید" دەگرێتەوە و ناوی ئەوانەشی ئاشکرا کرد کە لەلایەن دادگاوە ماوەی ٢-٧ ساڵ سزادراون و بڕیاری کەمکردنەوەی ماوەی زیندانییان ناگیانگرێتەوە، ئەوانیش "قارەمان شوکری(شیلادزێ-ڕۆژنامەوان)، نەزیر میکائیل ئەحمەد(زاخۆ-چالاکوانی سیاسی)، مەسعود عەلی(دهۆک-چالاکوان)، شێروان تەها ئەمین(دهۆک-چالاکوان و مامۆستا).

 

بە پێی ڕاپۆرتەکەی سی پی تی ١٩ چالاکوان و ڕۆژنامەنووس سزادراون، بێتاوانی چالاکوانێک دوای ساڵێک و دوو مانگ سەلمێنرا، بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردن، ئازادکردنی ٢٦ چالاکوان دوای ساڵێک بێ دادگاییکردن، پێنج چالاکوانی دیکە لە ئاسایشی گشتی هەولێر ڕاگیراون بێ دیاریکردنی ڕۆژی دادگاییکردنیان.

 

سەبارەت بە کەیسی بێریڤان ئەیوب حەسەن کە دایکی پێنج منداڵە و ١٦ مانگە بە نایاسایی ڕاگیراوە، سی پی تی ڕایگەیاند کە لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دەستگیرکراوە و بڕیاربوو لە ڕۆژی ١٤ی شوباتی ئەمساڵ دادگایی بکرێت بەڵام دواخرا بۆ ٢٨ی هەمان مانگ و پاریزەرانیش نەیانتوانیوە دۆسیەی بێریڤان ئەیوب ببینن.

 

لەو بارەیەوە ماریان لیندا كرۆنبێرگ، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی کوردستانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا کەیسی بێریڤان ئەیوب کەیسێکی تایبەتە و وەک یەکەم ژنە کە بە نایاسایی بۆ ماوەی ١٦ مانگ لە زینداندا ڕاگیرابێت، "ئێمە بە دڵنیاییەوە بەشداری دادگاییکردنی بێریڤان دەکەین کە دواخرا بۆ ٢٨ی مانگ و بڕیارە لەو بەروارەدا بەڕێوەبچێت".

 

ماریان لیدا بە گرنگی دەزانێت کە بێریڤان ئەیوب ئازادبکرێت، دەشڵێت: یەکەم هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە دادگایی بکرێت و قسە لەگەڵ پارێزەر و کەسانی دیکە وەک کونسوڵخانەی بەریتانیا بکرێت، شاندی یەکێتی ئەوروپا ئاگاداربکرێتەوە بۆ دروستکردنی فشار".

 

ماریان لیدا ئاماژەی بەوەشدا کە ژنانی زیندانی دیکەشیان لەیادناچێت و پێویستە ئازادبکرێن، وتیشی: "بە دڵنیاییەوە هەوڵەکانی ئێمە بۆ هەموو زیندانیان و کەسانی دیکەیە، بەڵام بێریڤان یەکەم ژنە بۆیە بە تایبەت ناوی ئەو دەهێنن".

 

لە کۆتایی کۆنگرەکەشدا سی پی تی داوای هەڵگرتنی تۆمەتەکانی سەر زیندانیانی بادینان و دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان دەکات کە لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠ تا ١١ی شوباتی ٢٠٢١ دەستگیرکراون، ڕاشیگەیاند "سەربەخۆیی دادگاکان و دادپەروەری دادوەران بنەمای سەرەکی بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیخوازە"، ڕێزگرتن لە ئازادی ڕادەربرین و کاری میدیایش بە ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتداران دەزانێت و بەردەوامی کاری خۆیان لەسەر کەیسی زیندانی بادینانیش خستەڕوو.

 

ت.پ