سی پی جەی: ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە گۆشەگیر دەکرێن

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکی بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى سلێمان ئەحمەد کراون تەنیا هۆکارێک بوون بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو ڕۆژنامەنووسە، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات سلێمان ئەحمەد ئازاد بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ دادگای تاوانەکانی دهۆک، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر سلێمان ئەحمەدی ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی ڕۆژنیوزدا سەپاند بە تۆمەتی سیخوڕیکردن، لەکاتێکدا پەڕاوی دۆسێیەکەى هیچ بەڵگە و دیکۆمێنتێکی تێدا نەبوو بیسەلمێنێت کە ئەو کارەى کردووە، بۆیە بەبێ هیچ بەڵگەیەک دادگا ئەو سزایەى بەسەریدا سەپاند کە پێشوەختە بڕیاری لەسەر درابوو.

 

لەوبارەیەوە یەگانە ڕەزاییان، ڕێکخەری کاتی پرۆگرامی سی پی جەی بە ماڵپەڕی ڕێکخراوکەی ڕاگەیاندوە، سی پی جەی بە هۆی سزادانی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد کە ماوەی ٩ مانگە دەستبەسەرە، نیگەرانە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە گۆشەگیر دەکرێن لەسەر ئەنجامدانی کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان.

 

ڕێکخراوەکە لەزاری پارێزەری سلێمان ئەحمەدەوە بڵاوی کردوەتەوە،  تۆمەتەکان تەنها ئامڕازێک بوون بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنووسەکە و دادگا هیچ بەڵگەیەکی نییە بۆ سزادانەکە و پڕۆسەی یاسایی زۆر نادادپەروەرانە بووە.