سوید هانا نەسور دیپۆرتی باشوری کوردستان دەکاتەوە
كۆمهڵهى مافى مرۆڤى كوردستان ئاماژە بەوەدەکات، ژنه چالاكوانى كورد هانا نەسور کە لە ٢٠١٥ەوە له سویدهو مافى پهنابهرى پێنهدراوه،ئهو وڵاته دهیهوێت ڕهوانهى باشوری كوردستانى بكاتهوه لهكاتێكدا پێشتر له دهۆكو سلێمانى ژیانى لهمهترسیدا بوه.

ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشكرایدهكات، "هانا نەسور" ئهو ژنە چالاکوانه سیاسیهیه كه خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانهو لهئێستادا مەترسی دیپۆرتکردنەوەی لەسەرە.
ڕاشیگەیاندوە، هانا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە داوای مافی پەنابەری سیاسیی لەئیدارەی کۆچ و پەنابەرانی سوید کردوە، بەڵام ئەم داخوازیە تائێستا سێجار ڕەتکراوەتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، هانا نەسور تەنها دوو جار دەرفەتی پارێزوانیکردن لەداخوازی مافی پەنابەری سیاسی خۆی پێدراوە، بەڵام لە هەردوو دادگای کۆچ و دادگای باڵای سوید سەرەڕای ئەوەی پارێزەری هەبووە، مافی پارێزوانیان پێنەداوەو هیچ سکاڵایەکی ناوبراویان لەبەرچاو نەگرتوەو وهڵامیشیان نهداوهتهوه.
هانا نەسور لەدایکبووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەتا تەمەنی ١٨ ساڵی لەشاری سنە ژیاوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە باوکی لەکوردانی فەیلی باشوری کوردستانەو ناسنامەی عێراقی هەیە، هیچکات لەلایەن ئێرانەوە مافی هاوڵاتیبوونی پێنەدراوە.
هاناو خێزانهكهى ساڵی٢٠١١لەژێر فشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو باشوری کوردستان بەجێدەهێڵن.
وهكو كۆمهڵهكه باسیكردوه، "کاتێک هانا ڕویكردۆته باشوری کوردستان، بەردەوامدەبێت لەکارو چالاکیەکانی لەباشوری کوردستان دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران، هەربۆیە دیسان لەلایەن ئاسایشی حکومەتی هەرێمەوە لەشاری دهۆک و دواتر شاری سلێمانی دەکەونە ژێر چاودێریی و کێشەی نیشتەجێبونیان بۆ دروستدەکرێت".
ئهوهشى ئاشكراكردوه، "هەروەها هانا لەوێ بەبۆنەی باوکیەوە مافی هاوڵاتی عێراقی پێدەبەخشرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتی عێراقی هەبوە بەردەوام لەژێر چاودێریی و زەختو فوشاری هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمدا دەبن و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروستدەبێت، لەکۆتاییدا هاناو خێزانهكهى ساڵی ٢٠١٥ ڕوو لهئەوروپا دهكهنو دهچنه سوید".
هانا لەسوید سەرەڕای داوای مافی پەنابەری سیاسیی، بەردەوامدەبێت لەدژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانو ڕهخنەگرتن لەحکومەتی هەرێمی کوردستانو دوای چەندین ساڵیش چاوەڕوانیی، لەئاکامدا سێجار مافی پەنابەرێتی لەلایەن دەوڵەتی سویدەوە ڕەتدەکرێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە هاوسهرهكهى هانا كه چالاکوانێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ هانا داوای مافی پەنابەریان کردوە، ئیدارەی کۆچی سوید مافی نیشتەجێبونی بەمەرجی بە هاوژینەکەی هانا بەخشیوە، بەڵام ههمان ئهو مافەیان بەهانا نهداوه.