"سووریایەکی نوێ بەبێ ناسینی مافی هەموو پێکهاتەکان بونیاد نانرێت"
ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسی یەکهەڵوێستی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکەی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، سووریایەکی نوێ بەبێ ناسینی مافی هەموو پێکهاتەکان بونیاد نانرێت.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٨ی ئاب، کۆنفرانسی "یەکهەڵوێستیی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا" لە ناوەندی کلتوور و هونەر لە حەسەکە بەڕیوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی ٥٠٠ سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر، شێخانی عەشیرەتە کوردیی و عەرەبییەکان، نوێنەرانی سریان-ئاشور-کلدان، ئەرمەن، تورکمان، چەرکەس، هاوسەرۆکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموراتیک -قەسەدە، چەندین لایەنی سیاسیی دیکە و کەسایەتیی بەشداربوون.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکە ئیلهام ئەحمەد،هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەیی خۆبەڕێوەبەریی وتارێکی پێشکەشکردو وتی: کۆنفرانسەکە دەرخەریی ئیرادەی زیندووی گەلە، کە بە یەکڕیزیی لە دژی شەڕ و پەراوێزخستن دەوەستێتەوە و مۆدێلێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و بەشداری ڕاستەقینە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بنیات دەنێت، پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەلماندوویانە کە فرەچەشنی مەترسیی نییە، بەڵکوو سەرچاوەی هێزە، سەلماندوویانە کە پاراستنی ڕاستەقینە لە دەرەوە نییە، بەڵکوو لە رێگەی ئیرادەیەکی هاوبەشەوە بۆ ئاشتیی و دادپەروەریی پێکدێت، بەردەوامیی عەقڵیەتی بەڕێوەبەردنی تاک لایەنانە ململانێکان قوڵتر دەکاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد کۆنفرانسەکەی وەک سەرکەوتنی گەل پێناسەکرد، کە ئامانج لێی دیاریکردنی داهاتووی سوریایەکی نوێیە لەسەر بنەمای بەشداری ڕاستەقینە، لێکتیگەیشتن لە یەکتر و نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە، هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینە، فرەچەشنی، ناناوەندی و دیموکراتیک، کە گرەنتی یەکێتیی وڵات و سەقامگیریین.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بەشداریی نوێنەرانی ناوچەکە لە کۆنفراسەکە دا و بە بنەمای پرۆسەی سیاسیی و دەستووریی ناوی برد و ڕایگەیاند: سووریای نوێ بە بێ داننان بە مافی هەموو پێکهاتەکان و بێ بەشداریی چالاکانەی پێکهاتەکان بونیاد نانرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەكرد: دوای چەندین ساڵ لە نکوڵیکردن، کۆنفرانسەکە هەنگاوێک دەبێت بەرەو سوریایەیکی نوێ بۆ هەموو پێکهاتەکانی و سیاسەت دەگەڕێنێتەوە بۆ مانا ڕاستەقینەکەی خۆی.