سووریا... لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٤ دا ٣٠ هەزار و ٢٩٣ منداڵ کوژراون

نودەم شێرۆ، بەڕێوەبەری نوسینگەی پاراستنی منداڵان ڕایگەیاند، کە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە مانگی ئاداری ٢٠١١ تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ کوژراون، گەیشتووەتە ٣٠ هەزار و ٢٩٣ منداڵ و بانگەوازی بۆ هۆشیاربوونەوە ئاراستەی یونیسێف کرد.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ – دوای ساڵانی دوورودرێژی شەڕ لە سووریا، منداڵان قەیرانی قورسی مرۆیی و ژیانی تێپەڕ دەکەن، نزیکەی حەوت ملیۆن و نیو منداڵ بەپەلە پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە دادپەروەرییەکانیش، زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو منداڵ بەهۆی هەژاریی بەرفراوان، کاری منداڵان و مەترسیی پاشماوەکانی شەڕەوە لە خوێندن بێبەشن.

 

نەک هەر ئەمە، بەڵکو منداڵانی کچیش لە سووریا لە مەترسیدارترین دۆخدا دەژین، لەپاڵ ئاوارەیی، بێبەشبوون لە مافەکانی پەروەردە، تەندروستی و چاودێرییەکی باش، ئەمجارەیان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و ئازردان دەبنەوە.

 

ژیانی منداڵانی کچ لە سووریا لە مەترسییەکی جددیدایە، هاوسەرگیریی منداڵ، هاوسەرگیری زۆرەملێ بە بێپارێزی، پێویستیی پاراستنیان جارێکی تر بە شێوازێکی بەهێزتر بیر دەهێنێتەوە کە دەبێت لەسەر مێزی یاساناسان و خێزانەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

 

هەندێک لە دیارترین تاوانەکانی سووریا:

کوشتنی خەلا خەمیس ساڵح تەمەن سێ ساڵ، کە لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرزوو خنکێنرا.

نور لە دەرعا، کە مامەکەی دەستدرێژیی کردووەتە سەر و کوژراوە.

فەرەح حەموود کە هێشتا تەمەنی دوو ساڵ و نیوە بوو، بەهۆی دەستدرێژییەکی دیکە کە لە هەمان کاتدا ئەنجامدرابوو، گیانی لەدەستدا.

 

سەبارەت بە دۆخی منداڵان و قەیرانە ئابووری و مرۆییەکانی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، نودەم شێرۆ، بەڕێوەبەری نوسینگەی پاراستنی منداڵانی دەستەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

”ناتوانین لە سووریا ڕێگری لە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان قەدەغە بکەین ”

نودەم شێرۆ ئاماژەی بەوەدا، کە کوشتنی منداڵان لە سووریا زیادی کردووە، بەتایبەتی لە نێو منداڵانی کچدا، وتی: ئۆفیسی پاراستنی منداڵ لە لیژنەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان چەندین کاری بەنرخ بۆ پاراستن و لە ئامێزگرتنی منداڵان ئەنجام دەدات، بەڵام لەسەر ئاستی سووریا ناتوانین دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان قەدەغە بکەین یان ڕێگری لێ بکەین و کوشتنیان ڕابگرین، منداڵان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری و تاوان دەبنەوە،  لەوانەش دەستدرێژی سێکسی، ئازاردان، کوشتن و توندوتیژی خێزانی، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش ئەوەیە کە هەندێک جار لە کاتی شەڕدا پەنا بۆ ئاوارەبوون دەبەن، بۆیە زۆر ڕوونە ئەوانەی لە شەڕەکاندا زۆرترین ئازار دەچێژن ژن و منداڵن، گەورەترین دڕندەیی بەسەر منداڵاندا دەکرێت و ئەم ڕاستییە ناشاردرێتەوە، چونکە تووشی زۆر پێشێلکاری دەبن،  ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مافی منداڵان پارێزراو نین.

 

”ڕێگری لە گەیشتنی منداڵان بە مافەکانیان دەکرێت”

نودەم شێرۆ ئەوەی خستە ڕوو کە تەندروستیی دەروونیی منداڵان و هەروەها تەندروستیی جەستەیییان زیانی بەرکەوتووە، وتی: کاتێک ڕووداوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر مافی منداڵان و کوشتنیان ڕوو دەدەن، ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان بە خێزانەکانیان بگەیەنین و یارمەتیدەر بین، بەڵام هەوڵەکانمان بێ ئەنجامن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وردەکاریی ئەم تاوانانە دەشاردرێنەوە و ڕێگە نادرێت منداڵ بگاتە مافی خۆی، ئەوەی کە پێشی بەمەش دەگرێت خێزان، کۆمەڵگە و دەوڵەتە، چونکە بکوژ و تاوانبارانیش سزا نادرێن و دادگاکانیش لە سووریا دادپەروەری پەیڕەو ناکەن، بەم شێوەیە منداڵ لە مافی خۆی بێبەشدەبێت ، منداڵان بزر دەبن و جارێکی تر دەکوژرێن.

 

لە ئاداری ٢٠١١ تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ٣٠ هەزار و ٢٩٣ منداڵ کوژراون”

نودەم شێرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمووی بە ئازارترین شت ئەوەیە کە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١١ تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ژمارەی ئەو منداڵانەی کوژراون، گەیشتووەتە ٣٠ هەزار و ٢٩٣ منداڵ کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئازاردراون و ڕووبەڕووی چەندین جۆری تاوان بوونەتەوە، هەروەها ئەمە ژمارەیەکی ئاسایی نییە، ژمارەیەکی وا زۆر نابێت بە ئاسایی هەژمار بکرێت و پێویستە گرنگی پێبدرێت، بناغەی جیهان لە منداڵییەوە دەست پێدەکات؛ بۆیە گرنگ نییە مافی کێ پارێزراو نەبێت، دەبێت مافی منداڵان پارێزراو بێت، ئەمەش لە ئۆفیسی پاراستنی منداڵەوە بۆ کۆمەڵگە، دامەزراوە یاساییەکانی منداڵان، دەسەڵاتی دادوەری، حکومەت و تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش پێویستە، پێویستە هەموو کەسێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە پاراستنی ئەو منداڵانە و لە باوەشیان بگرن، پێشکەشکردنی مافی ژیان بۆ منداڵان کە گرنگترین و بنەڕەتیترین مافی مرۆڤە، هەروەها دەستەبەرکردنی مافی ژیان و تەندروستی و خوێندن و داهاتوویان.

 

”منداڵێکی سێ ساڵان کە تەنها بیری لای ئاو و خۆراکە، چۆن دەستدرێژیی دەکرێتە سەر و دەکوژرێت؟”

ڕوونیکردەوە، کە لە کاتێکدا سووریا قۆناغێکی گواستنەوە تێپەڕ دەکات، منداڵان ڕووبەڕووی مەترسیدارترین قەیرانی مرۆیی و ئەمنی دەبنەوە، وتی: ئەمە کەمکووریی دەوڵەتی ئێستایە، چونکە دادگا و پسپۆڕێک بوونی نییە کە بە شێوازێکی یاسایی مافی منداڵان بپارێزێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕێگری لە توندوتیژی، ئازاردان و کوشتن ناکرێت و ئەو تاوانبارانەی کە ئەم تاوانانە دەکەن سزا نادرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، منداڵێکی سێ ساڵان کە تەنها بیری لای ئاو و خۆراکە، چۆن دەستدرێژیی دەکرێتە سەر و دەکوژرێت؟ لەسەر ئەم تاوانەش مافی ئەم منداڵە ناپارێزرێت، پێویستی هەیە کە حکومەتی ئێستا لە سووریا بە شێوازێکی بەپەلە و جددی لەسەر پێشێلکارییەکانی دژ بە منداڵان ڕاوەستێت، لە سووریادا لە ناو یاساکاندا مافی منداڵان هەیە، بەڵام بە شێوازێکی پراکتیکی لەسەر زەوی جێبەجێ ناکرێت، ناتوانین بڵێین لە ٢٪ی مافی منداڵان لە سووریا دەپارێزرێت، لەپاڵ ئازاردان و کوشتنی منداڵاندا، توندوتیژیی خێزانیش باسی لێ ناکرێت.

”ێۆفیسەکە بە تەنها ناتوانێت”

 

نودەم شێرۆ ئاماژەی بە سەختیەکانی چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەی باس کرد، وتی: ئەگەر دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هاوکاریی پێویست پێشکەش نەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە تاوانباران سزا بدەین، ئۆفیسەکە بە تەنها ناتوانێت مافی ئەو منداڵە بپارێزێت کە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە، منداڵان لە سەرجەم پارێزگاکانی سووریادا بەبێ جیاوازی مافی پەروەردەیان دەست ناکەوێت و ناتوانین لە ئاستی بەرزیشدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، چونکە زۆر لاوازە، منداڵانی گوندەکان و ناوچە دوورەدەستەکان کە هەمیشە پشتگوێ خراون و خزمەتگوزارییان بۆ پێشکەش ناکرێت، مافی پەروەردە و تەندروستی، تەنانەت تەندروستیی دەروونییشیان دەست ناکەوێت.

 

"دەبێت یونیسێف تەنها ئامار بڵاو نەكاتەوە"

تیشکی خستە سەر چەند خاڵێک کە خزمەتی منداڵان دەکەن و وتی: سەرەتا دەبێت کار بۆ باشکردنی دەروونیی منداڵان بکرێت، ئەمەش لە قوتابخانەکان، ناوەندە تەندروستییەکان، دەزگا، باخچەی ساوایان و تەنانەت لە پەناگەکانیشدا پێویستە، چونکە ئەو منداڵانەی لە سەرانسەری سووریادان، مافیان هەیە بە دەروونێکی باشەوە بژین، شتێکی تریش، دەبێت یونیسێف تەنها ئامار بڵاو نەكاتەوە کە چەند منداڵ کوژراون، ئازاردراون و ڕفێنراون، ئێمە لێرەدا ئەنجام و چارەسەرمان دەوێت بۆ ئەوەی ڕێگری لەم پێشێلکارییانە بکەین، لەبەر ئەوە ئۆفیسەکەمان بە تەنها بەس نییە، پێویستی بە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەیە کە دەست لە ناو دەست بکەین و بۆ ڕێگریكردن کارێکی هاوبەش ئەنجام بدەین، هەروەها لە سووریاش داوا دەکرێت کە دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی خۆی چالاک بکات، چونکە لە هەموو لایەکەوە قەیرانێکی قورس تێپەڕ دەبێت.

”لەگەڵ حکومەتدا مەبنە هاوکار”

 

نودەم شێرۆ ئەم بانگەوازەی ئاراستەی خێزانی ئەو منداڵە کچانە کرد کە ڕووبەڕووی ڕووداوەکانی دەستدرێژی بوونەتەوە، وتی: هەموو ئەو خێزانانەی کە مافی منداڵەکەیان پێشێل کراوە، با دەنگی خۆیان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و سزادانی تاوانباران بەرز بکەنەوە، با بڵێن کە ئەوان لە دەوڵەتێکدا دەژین کە مافی منداڵەکەیان ناپارێزرێت، ئازاردەدرێن و دەستدرێژیی سێکسیی کراوەتە سەریان، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی کەمە و پێویستیی خێزانەکان بە هۆشیاری هەیە کە داوای مافی منداڵێکی کچی تەمەن سێ ساڵانەکەیان بکەن کە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە و دەنگیان بەرز بکەنەوە، نەک ئەوەی ببنە هاوکاری دەوڵەت و تاوانەکە بشارنەوە، بە وتەی وەکو ”ئەمە سکاندالە، شەرمەزارییە” یان ”کۆمەڵگە بۆ چی دەڵێت یان چۆن دەردەکەوم لەبەردەم کۆمەڵگەدا”، بێدەنگی و پشتگیریی خێزان لەگەڵ دەوڵەتدا لە شاردنەوەی تاوانەکانی منداڵەکانیان؛ کوشتنی منداڵان، دەستدرێژیی سەر منداڵانی کچ، بێبەشبوون لە مافی پەروەردە و لە نەزانیدا هێشتنەوە زیاد دەکات، با خێزانەکان دەربچن و بڵێن کە ئەوان لە دەوڵەتێکدا دەژین کە تەنها بە ناو دەوڵەتە بەڵام یاساکانی تێدا جێبەجێ ناکرێن، دەرفەتی ڕاگەیاندن یاخود ڕێگا یاساییەکان هەرچییەک هەن، با بەدەستی بهێنن و تاوانە هەنووکەیییەکان ئاشکرا بکەن.

 

منداڵانی نوێ کە دێنە دنیاوە…

نودەم شێرۆ لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ئەو منداڵانەش هەن کە نوێ دێنە دنیاوە و لەسەر ڕێگاوبانەکان، لە بەردەم زباڵەدانەکان یان لە بەردەم دەرگای مزگەوتەکان فڕێ دەدرێن، وتی: هۆکارەکانی ئەمە زۆرن، بەڵام هەندێک جار کێشەی خێزانی، هەژاری، ناسەقامگیریی ئابووری لە سووریا و ئەو منداڵانەی کە لە دەرەوەی هاوسەرگیرییەوە لە هەردوولا دروست دەبن، هۆکارە سەرەکییەکانن، بەڵام لە سووریادا بابەتێک وەک منداڵهەڵگرتنەوە و بەخێوکردن بوونی نییە، خێزانێک خاوەندارێتییان لێ دەکات یان خانەی بێسەرپەرشتان دەیانگرێت و دادوەر چارەنووسیان دیاری دەکات، جیاوازیی نێوان خاوەندارێتیی ئۆفیسەکەمان بۆ منداڵانی لەو شێوەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و مامەڵەی حکومەت لەگەڵ منداڵانی پارێزگاکانیدا زۆرە، لەبەر ئەوە منداڵان لە سووریادا یان لە پارکەکان یان لە کۆڵانەکاندا گەورە دەبن، بەم شێوەیە زیاتر ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی، ڕفاندن، کوشتن، بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستە و فێربوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبنەوە، پێویستە حکومەتی ئێستا چاودێریی کاتی بۆ ئەو منداڵانە مسۆگەر بکات و داهاتوویەکی باشتر بۆیان بکێشێت، نەک منداڵان لە کۆڵانەکاندا گەورە ببن و زیانێکی گەورەیان پێ بگات.