سودان... دۆخی مرۆیی لە مەترسییەکی گەورەدایە

خراپبوونی ژیان و بارودۆخی ئابووری ڕووبەڕووی هاوڵاتیان دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە شەڕی سودان هەڵدێن.

 

ناوەندی هەواڵ- شەڕی سودان چووەتە حەوتەمین مانگەوەو دەستگەیشتن بە خۆراک و خواردنەوە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هاوڵاتیان زۆر قورس بووە، ئەوانەی بوونەتە ئاوارە کە لە قوتابخانە و دامەزراوە و پەناگەکاندا دەژین، کە ژمارەیان زیاتر لە ٨٠٠ ناوەندە.

سودانییەکان، چ دانیشتوان بن یان ئاوارە، بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودانەوە ئازار دەچێژن، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیاتر لە ٩ هەزار کەس کوژراون و برینداربوون، زۆربەیان مەدەنی بوون و پێنج ملیۆن کەسیش ئاوارە و پەنابەر و کۆچبەر بوون و زیاتر لە ٨٠%ی ژێرخانە پیشەسازییەکان لەناوچوون، زۆربەی توخمەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە زۆربەی ویلایەتەکاندا تێکچوون و ڕێژەی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گەیشتە نزیکەی ١٢% و ڕێژەی بێکاری زیادی کرد.

                                                            

ژنانی دووگیان و شیردەرو منداڵان ڕووبەڕووی بەدخۆراکی بوونەتەوە

ناکۆکییە بەردەوامەکە بووەتە هۆی ئاستێکی بەرزی بەدخۆراکی، چونکە زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، جگە لە چوار ملیۆن ژنی دووگیان یان شیردەر کە بەهۆی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، وەزارەتی تەندروستیش پێشتر ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا و سورێژەی لە هەموو ویلایەتەکانی وڵاتەکەدا ڕاگەیاند و مردنی زیاتر لە ٢٠٠ کەسی بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە پشتڕاستکردەوە لەکاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە.

هەروەها خزمەتگوزارییە پزیشکیەکان لە زۆربەی نەخۆشخانەکاندا وەستاون بەهۆی بۆردومان کردن و وێرانکردن یان بەهۆی نەتوانینیان بۆ دابینکردنی دەرمان و نەبوونی ستافی پزیشکی، جگە لە خراپبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و گاز و سووتەمەنی و گواستنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا و کەرتی پەروەردە بەشێکی گەورەی داڕمانی هەیە و زیاتر لە ١٧ هەزار قوتابخانە و ١٥٥ زانکۆ ڕاگیراون.

هیوایەکی کەم هەیە بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان بە ئامانجی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و کۆتاییهێنان بە ئازاری ملیۆنان کەس لە خراپبوونی باری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ژیان و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری.