پەرلەمانی ئەوروپا داوای جێگیرکردنی لەباربردنی منداڵ لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکان دەکات
دوای بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆی ڤی وەید لەبارەی لەباربردنی منداڵەوە، پەرلەمانی ئەوروپا داوایکرد لەباربردن بخرێتە ناو جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکانەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوای بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕۆی ڤی وەید، کە مافی لەباربردنی منداڵی لە سەرتاسەری ئەمریکا بە ژنان بەخشیبوو، پەرلەمانی ئەوروپا داوایکرد لەباربردنی منداڵ لە جاڕنامەی مافە بنەڕەتییەکان دابنرێت.
پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوایان کردووە مافی لەباربردنی منداڵ زیاد بکرێت بۆ یاساکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و مافە یاساییەکان لە یەکێتی ئەوروپا، هەروەها هێلین فریتزۆن، پەرلەمانتاری سوید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو ژنێک لە ئەوروپا مافی ئەوەی هەبێت بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، بابەتی سیاسەت و بیروباوەڕ و ئایین نییە، بەڵکو هەڵبژاردەی تاکەکەسی ئازادە و پێویستە هەمیشە بەو شێوەیە بێت".