سەرژمێریی ئەزمونی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەستپێدەكات
ڕۆژی ٣١ی ئایار، سەرژمێریر ئەزمونی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەستپێدەكات و ١٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
٢٦ ساڵە سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە عێراق ئەنجام نەدراوە، دوایین سەرژمێری گشتی لەساڵی ١٩٩٧ لە ١٥ پارێزگای عێراق بەڕێوەچووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام تا ئیستا ئەنجام نەدراوە.
دەستەی ئامار و زانیاری جوگرافی لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ٣١ی ئایار، سەرژمێری ئەزمونی لە گشت پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەستپێدەكات و بەم هەنگاوە نیوەی ڕێگاكە بەرەو سەرژمێری گشتیی دانیشتووان دەبڕن كە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێكاری سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانان ئاشكرایكردووە، سەرژمێری تاقیكاری كۆمەڵێك هەنگاو لەخۆدەگرێت، لەوانە لەهەر بلۆكێك ١٠٠ بۆ ١٢٠ خێزان وەك نموونە وەردەگیرێت و لەلایەن توێژەرانەوە تۆماركردنی داتاكان و ژمارەدانان و ژماردنی شەقام و بیناكان ئەنجام دەدرێن.