سروە محەمەد: بونیادی کاری پێکەوەیی دەنێین بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنانی کورد

سروە محەمەد لە کۆنفرانسی ژنانی پەرلەمانتارانی کورد لە ئامەدەوە وتی: ژنانی پەرلەمانتاری باکوور و باشووری کوردستان لەسەر پرسە هاوبەشەکان گفتوگۆ دەکەن، بە مەبەستی بوونیادنانی کاری پێکەوەیی بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنانی کورد.

ناوەندی هەواڵ

 

بە دروشمی "با سیاسەت دیموکراتیک بکەین، با کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بونیاد بنێین"، ئەمڕۆ ٢٨ی ئایار، یەکەمین کۆنگرەی ژنانی پەرلەمانتاری کورد، کە لەلایەن تەڤگەری ژنانی ئازاد ڕێکخرابوو لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد. لە کۆنگرەکەدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ژمارەیەک ژنی پەرلەمانتاری کورد لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەشدار دەبن.

 

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکە نووسیویەتی:  ژنانی پەرلەمانتار و دیپلۆماتکاری باکوور و باشووری کوردستان پێکەوە لەسەر پرسە هاوبەشەکان، دیموکراسی و ئاشتیی گفتوگۆ دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکە بە مەبەستی بوونیادنانی کاری پێکەوەییە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنانی کورد لە بواری سیاسیی و ئاشتیی و سیاسەتی دەرەوە.