سروە جەمال: ئەگەرى داخستنى دەرگاى خوێندنگەکان بێگومان کاریگەرى خراپى دەبێت

بەهۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەنگۆی دووبارە داخستنی ناوەندەکانی خوێندن هەیە و مامۆستا سروە جەمالیش پێی وایە بەهۆی کێشەو گرفتەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی، ئەو پڕۆسەیە هیچ سەرکەوتوو نەبووە.

لاڤە کوردە  

 

لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بووە هۆی داخستنی ناوەندەکانی خوێندن، خوێندنی ئەلیکترۆنی بووە شوێنگرەوەی خوێندنی ناوپۆل، بەڵام بەهۆی کێشەو گرفتی زۆرەوە ئەو پڕۆسەیە نەیتوانی وەک پێویست خوێندکار پێبگەیەنێت، لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە خێزانەکان تەنانەت نەیاتوانی پێداویستییەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی دابین بکەن.

لە ئێستادا کە لە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستان ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر تەشەنەی سەندووە، دەنگۆی داخستنەوەی ناوەندەکانی خوێندن هەیە و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو دەنگۆیە وتی: "هەموو هەڵسەنگاندنێک تایبەتە بە وەزارەتی تەندروستی، بەڵام سیاسەتی وەزارەتی پەروەردە درێژەدانە بە خوێندن بە خۆپارێزییەوە." 

 

لەبارەی کاریگەرییەکانی داخستنی ناوەندەکانی خوێندن لەسەر پڕۆسەی پەروەردە و فیرکردن، مامۆستا سروە جەمال کە مامۆستای بنەڕەتی و ئامادەییە بۆ ئاژانسی ژنها  ئاماژەی بەوەکرد، لەئەگەرى داخستنى دەرگاى خوێندنگەکان جارێکى تر بەهۆى ىشەپۆلێکى ترى کۆرۆناوە بێگومان کاریگەرى خراپى دەبێت، وتیشی: "هەروەک چۆن ئێستا کاریگەرییە خراپەکانى ساڵانى ڕابردوو دەبینین، چونکە هیچ شتێک جێگەى خوێندنى ناو پۆل ناگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی خوێندنى ئەلکترۆنى لە دوو ساڵى ڕابردوو بەردەست بوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى زەمینەسازی نەکرابوو بۆ ئەو جۆرە خوێندنە چ بۆ مامۆستا و بۆ خوێندکاریش بۆیە سەرکەوتوو نەبوو کێشە و گرفتەکانى زۆرتربوون، خوێندکار نەیتوانى سودمەندبێت لەو جۆرە خوێندنە ".

 

مامۆستا سروە ڕاشیگەیاند، نزیکەى مانگێکە دەرگاى ناوەندەکانى خوێندن کراونەتەوە مامۆستایان لەهەموو کەس زیاتر تێدەگەن چى دەگوزەرێت لە قوتابخانەکاندا و ئاستى زانستى خوێندکار چەند لاوازتربووە و لەڕووى پەروەردەییەوە زۆر زیاتر لەجاران پێویستیان بە ڕێنمایی و هاوکارییە، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "هەڵبەتە ئەمە ماناى ئەوە نیە کە ناوەندەکانى ئێمە لە ڕابردوودا شوێنێکى گرنگ و کاریگەر بوبێتن بۆ پەروەردە و فێربونیش، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو دابڕانەش بەشێوەیەکى تر کاریگەرى خراپى بەجێهێشتووە".