سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئازادی وەڵات دەستگیرکرا
بەرفین ئای، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “ئازادیی وەڵات” لە ناوچەی جزیرەی سەر بە پارێزگای شرناخ دەستگیرکرا و تائێستاش هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە.
ناوەندی هەواڵ
شەپۆلی دەستگیرکردن لە دژی ڕۆژنامەنوسان لە باکوری کوردستان بەردەوامە. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت ڕاستییەکان پیشانی خەڵک بدەن، ڕووبەڕووی گرتن و ئاستەنگ دەبنەوە. بە تایبەتی پێشێلکردنی مافەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن بە شێوەیەکی فرەلایەنە و سیستماتیک بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، دوێنی ڕۆژنامەنووس، بەرفین ئای لە بازگەی چوونە ناوەوەی ناوچەی جزیرە دەستبەسەرکراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شرناخ.
تائێستاش هۆکاری دەستبەسەرکردنی بەرفین ئای ڕانەگەیەندراوە و نازانرێت بەچی هۆکارێک دەستگیرکراوە.