سەرما، نەخۆشی، برسی ئەم زستانە بۆ ئەفغانییەکان کارەساتی دروستکرد
بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئەفغانییەکان تێیکەوتوون کە هۆکارەکەی بوونی جەنگ و ئاوارەبوونیانە، ئەفغانستان بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە ڕووی هەبوونی خۆراک و تەندروستییەکی باش لە دۆخێکی خراپدایە، سەرمای زستانیش دۆخەکەی خراپتر کردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی the independentی بەریتای ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ئەفغانییەکان لە سەرمای ئەم زستانەدا بڵاوکردەوە کە دەناڵێنن بەهۆی ئەو کارەساتانەی بەسەریاندا دێت، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا لە سەرەتای ئەم زستانەوە ٨ ملیۆن ئەفغانی کە یەک ملیۆنیان منداڵن بەهۆی سەرمای زستانەوە کەوتوونەتە قات و قڕییەوە.
هۆکاری دۆخی ئەفغانییەکانی گەڕاندەوە بۆ ئەو جەنگ و داگیرکارییانەی ساڵی ڕابردووی تاڵیبان کە بووەتە هۆی دروستبوونی داڕمانی ئابووری و وشکەساڵی، جگە لەمە هۆکاری دیکەش هەن وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بوونە هۆی ئاوارەبوونی ٣.٥ ملیۆن ئەفغانی.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا ٣.٥ ملیۆن ئەفغانی ئاوارەی وڵات بوون لەگەڵ زیادبوونی شەڕ و پێکداداندا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ٦٧٠ هەزار کەسی دیکەی ئەفغانستان لە ماڵەکانیاندا ئاوارەبوون بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکەوتووە کە ١٢.٩ ملیۆن منداڵی ئەفغانی پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.
سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری فریاکەوتنی کارەساتەکان، ڕایگەیاند، ئەفغانستان کەوتووەتە دۆخێکی ئابووری خراپەوە ئەم سەرمایەش دۆخەکەی خراپتر کردووە بە جۆرێک هاوڵاتیان کەوتوونەتە فرۆشتنی هەموو جۆرە کەرەستەکانیان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لیژنەی فریاکەوتنی کارەساتەکە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و داوای چارەسەرکردنی کەمی خۆراک و دابینکردنی پەناگە و چاودێری تەندروستی بۆ ئەو ئەفغانانە کردووە کە توشی وشکەساڵییەکی سەخت بوون.
ئەفغانستان هەمیشە وەک یەکێک لە خراپترین وڵاتەکان پۆلێن کراوە بۆ کەسانی بەتەمەن، کە مەترسی خراپی خۆراک و کاریگەرییەکانی سەرمای زۆری لەسەرە کە ئەمەش فشار دەخاتە سەر تەندروستی هاوڵاتیانی ئەفغانی.
پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٣ ملیۆن منداڵ بەدخۆراک ببن کە یەک ملیۆنیان لە مەترسی مردندان، هەروەها سەرۆکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە خراپترین قەیرانی مرۆیی لەسەر زەوی پێناسە دەکات.
ت.پ