بۆ ناڕەزاییەتی دەربڕین دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری دەکرێت
دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئێشکگری ئیرشاد و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شارەکانی سەقز و سنە، چالاکوانانی کورد و مەدەنی و سیاسی بانگەوازێکیان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ ڕۆژی دوشەممە ١٩ی ئەیلول بڵاوکردەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ئێشکگری ئیرشاد، خۆپیشاندانی جەماوەریی، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هاوئاهەنگی لەگەڵ بنەماڵەی ژینا و خەڵکی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە.
لایەنە سیاسیەکانی کورد بانگەوازێکیان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی دوشەممە ١٩ی ئەیلول لەکوردستان بڵاوکردەوە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، داوای لە ئازادیخوازانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، کە مانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجام بدەن و تێیدا هاتووە:
" کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەدڕەوشتخواز و فاشیستەوە کارێکە دژ بە تەواوی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم نمایشە ترسناکەی ڕژێمی فاشیستی ئێران لە دژی ژنان پێویستی بە هەڵوێستی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانەی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە هەیە".
ناوەندی هاوکاری لایەنە کوردستانییەکانی ئێرانیش بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جگە لە کۆچی دوایی ژینا ئەمینی کۆچی دوایی شلێر ڕەسوڵی بەبیرهێنایەوە کە لە نهۆمی دووەمەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە بۆ دەربازبوون لە دەستدرێژی سێکسی، ئەوەش خرایەڕوو، کە داوا لە هەموو توێژەکانی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ کراوە بەشداری لە مانگرتنەکەدا بکەن.
پێشتر حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بە توندی ئیدانەی مردنی ژینا ئەمینی کرد و داوای لە ڕای گشتی لە کوردستان کرد کە ڕۆژی دووشەممە مانگرتن بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو جۆرە تاوانی دەوڵەتییە، هەروەها ژمارەیەک لەچالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کوردستان ئەشکەنجەی ژینا ئەمینییان شەرمەزارکرد و بانگەوازێکیان بڵاوکردەوەو ڕایاگەیاند: " ژینا ئەمینی قوربانی یەکەمی سیاسەتی دژە ژنان و دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیی نییە و دواهەمینیش نابێت".
سەرکوتکردن و جیاکاری دژی ژنان ئاڵۆزە، بەڵام کاتێک یاسا و هەموو کۆڵەکەکانی سیستمێک بنەچەی ئەو جۆرە جیاکارییە، ئەوا بە دڵنیاییەوە قۆڵێکی سەرکوتکەر هەیە، وەک ئێشکگری ڕێنوێنی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە، هەواڵی ڕۆژانەی میدیاکانمان هەواڵی سەرکوتکردنی ژنانە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە شارە جۆراوجۆرەکان، شەقامی شارەکانی ئێمە بۆ ژنان سەلامەت نین و هۆکاری سەرەکی ئەم نائارامییە، هێزە سەرکوتکەرەکان بە مەبەستی تێرکردنی خواستە ئایدیۆلۆژییەکەی حکومەت ژنان لە ئێران دەچەوسێنێتەوە، حکومەت کە بوونی خۆی لە بەردەوامی ئەم سەرکوتکردنە ڕۆژانەیەدا دەبینێتەوە بناغەی خۆی لەسەر ئەم سەرکوتکردنە بنیات ناوە.
دوێنێ سێپیدە ڕێشنۆ بە چاوی شینبوەوە لەبەردەم کامێرا ناچاربوو دانپێدانان بکات و ئەمڕۆش ژینا ئەمینی لە ژێر ئەشکەنجەدا ڕەوانەی کۆما کرا و پاشان گیانی لەدەستدا، وە ئەمە جگە لە بێئومێدی ئایدیۆلۆژی حکومەت لەبەردەم ژنانی ئێران هیچ مانایەکی تری نییە، توندوتیژی بێ سنووری ئێرشاد دەوریەی دژ بە ژنانی ئێرانی دەکات.
بە ئامانجی دروست کردنی تۆقاندن و سەپاندنی خوێندنەوەی ڕەسمی حکومەت بۆ ژنان ڕێکخراوە و جێبەجێ دەکرێت و ئامانجیشی چەقاندنی بەرخۆدانی ژنانە لە داواکردنی ماف و ئازادییەکانیان، چەقاندنی بەرخۆدان، کە ئامانجی کۆتایی کۆی هەڵوێست و خەبات بۆ دیموکراسی خەڵکی کۆمەڵگەیە کە ئەم زنجیرە دڕندەییە تاوانە دژ بە ژنان دەبێت لە شوێنێک بشکێنرێت و ئەمەش ناتوانێت بەدەستبهێندرێت تا ئێمەی گەل و کۆمەڵگەی ئێران بێدەنگیمان لە شارەکانی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران نەشکێنین و کۆتای بە ستەمکاری نەهێنین."