"سەپاندنی دەستوور درێژەپێدەری پلانەکانی کۆچ و داگیرکارییە"
ژنانی کۆچبەری سەرێکانی ڕایانگەیاند، هێڵی بەرخۆدانیان بۆ ژیانێکی خاوەن شوناس و کولتوور و ڕەوشت هەڵبژاردووە، سەپاندنی دەستوور بنەڕەتی یەکێکە لە پلانەکانی درێژەدان بە کۆچ و داگیرکاری.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- سەپاندنی دەستوور لەلایەن ئیدارەی کاتی سووریا واژۆ کراوە، وێڕای قبوڵکردنی یاساکە وەک شەریعەتی ئیسلامی، چەندین خاڵی تێدایە کە دژی ئازادی و ئیرادەی ژنانن، ژنانی کانتۆنی جزیرە لە شاری قامیشلۆ دژی دەستووری واژۆکراو ڕێپێوانێکیان ئەنجامداو کۆچبەرانی سەرێکانی ڕایانگەیاند کە ئەو بڕگانەی لە دەستووردا هاتووە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤن.
"ئەمە درێژەپێدەری پلان و پیلانگێڕییە دژی گەل"
ئامینە ئەحمەد ڕایگەیاند کە سەپاندنی دەستوور یەکێکە لە پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ئاوارەبوون و داگیرکاری و وتی: ئەم دەستوورە قبوڵ ناکەین، لە ماڵ و شارەکانی خۆماندا دەژیاین، ئەمڕۆش لە کامپەکاندا تێدەکۆشین بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێکی ئازاد و یەکسان بە ناسنامەوە بژین، بەڵام دەبینین ئەمڕۆ ئەم دەستوورە مافەکانمان پێشێل دەکات، هێڵی بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و تا ئەو کاتەی بە ئازادی لەسەر خاکی خۆمان بژین، دەستبەرداری ئەم هێڵە نابین، دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان، بەڵام گەڕانەوەمان دەبێت لەگەڵ ناسنامە و ڕەنگ و دەنگمان بێت، مافی کوردێتی خۆمانمان دەوێت ، ناسنامە و زمانی خۆمانمان دەوێت، هیچی تر قبوڵ ناکەین.
"هیچ ڕێگەپێدانێک بەبێ ڕای گشتی وەرناگیرێت"
ئامینە ئەحمەد سەرنجی بۆ شێوازی نادادپەروەرانەی نووسینەوەی دەستووری ڕاکێشا و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەم دەستوورە بەبێ ڕەچاوکردنی بۆچوون و ڕۆڵی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نووسراوە، ئایا ئەمە دیموکراسییە؟ ئەم ڕێگەپێدانە دەبوو لەلایەن لیژنەیەکەوە واژۆ بکرایە کە لە هەموو گروپ و مەزهەب و ئایین و بیروباوەڕێک پێکهاتبێت، هەروەها دەبوو ڕەشنووسەکەی بۆ ڕای گشتی بخوێنرایەتەوە و پەسەند بکرایە و دواتر واژۆی لەسەر بکرایە، دەستوورێک کە ڕۆڵی ئێمە و ڕەنگ و دەنگی ئێمەی نەبێت نوێنەرایەتی ئێمە ناکات و دژی گەلی ناوچەکە دەبێت.
"ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت سبەی دەگەڕێینەوە عەفرین"
فاتمە ئەمین یەکێک لەو ئاوارانەی خەڵکی عەفرینە داوای گەڕانەوەی بۆ عەفرین کردو وتی: ئەمە دووەمجارە خەڵکی عەفرین ناچار بە کۆچبەری دەبن، پلانی پیس لە دژی ئێمە دادەنرێت، ئەمڕۆ دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان، لەگەڵ شوناس و زمان و کولتووری خۆماندا بژین، ئێمە لەوە زیاتر هیچمان ناوێت، ئەم یاسایە ئیدانە دەکەین و بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەیبینین، عەفرین هی ئێمەیە، ئەگەر ئەمڕۆش نەچینەوە، ئەوا سبەی دەگەڕێینەوە، دەمانەوێت بە ئازادی بژین.