بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و خۆشکردنی ڕێگا بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگە گفتوگۆ لەنێو ژنانی سوریادا دروست دەکات
کارگێڕان و خوێندکارانی پەیمانگای باڵای هونەر لە هیلالی زێڕین سیاسەتەکانی جیهادی هەتەشەیان لە دژی هونەر و هونەرمەندان شەرمەزار کرد.

سۆرگۆڵ شێخۆ
حەسەکە- لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی هەتەشەی جیهادی، هێرش بۆ سەر دیمەنی هونەر و هونەرمەندان دەستی پێکردوە، ئەم هێرشانە بە هەراسانکردنی هونەرمەندان و لەناوبردن و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرە موزیکیەکان دەستیپێکرد، لەم دواییانەدا بەشی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی دیمەشق بە بڕیارێک کە لە ١٧ی ئاب دەرچوو، تێیدا هات بوو کە بەکارهێنان و وێناکردنی "فیگەری ڕووتی" لە پڕۆژەکانی خوێندکاران قەدەغەیە.
ئەم بڕیارە لەلایەن هونەرمەندان و پیشەگەرەکانی هونەرەوە ڕەخنەی لێگیرا، هەروەها کارگێڕان و خوێندکارانی بەشی نیگارکێشی و پەیکەرسازی لە پەیمانگای باڵای هونەر، هیلالی زێڕین، ڕەخنەیان لە بڕیارەکە گرت و تیشکیان خستە سەر مەترسییەکانی بەردەم سووریا.
"سووریا گرنگترین لانکەی شارستانیەتی مرۆڤایەتیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"
ئەڤین باشۆ، کارگێڕی پەیمانگای باڵای هونەری هیلالی زێڕین ڕایگەیاند، سووریا لانکەی شارستانیەتی مرۆڤایەتیە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگیەکی مێژووی و سیاسی بەهرەمەندە، ڕوونیشیکردەوە، کە گەلی سووریا پێیان وابوو لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ستەمکاری بەعس، ئەو کۆت و بەندانەی کە مێشک و چاو و زمان و گوێ و دەستیان بەستبوو دەشکێنرێت، گەلی سووریا بە هەمەجۆری نەتەوەی و ئایینی و کۆمەڵایەتیەوە جیا دەکرێنەوە، بۆیە سووریا دەوڵەمەندە بە کەسانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و هونەرمەند کە بەشدارییان لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەیدا کردوە.
"ژنان چۆن سەیری هێرشەکانی هەتەشە دەکەن بۆ سەر گۆڕەپانی هونەر؟"
لە لێدوانەکەیدا ئەڤین باشۆ تیشکی خستە سەر نیگەرانیەکانی سەبارەت بە سەرهەڵدانی جیهادییەکانی هەتەشە، هۆکارەکانی ئەمەش ڕوونکردەوە: مێژووی هەتشە نوێنەرایەتی سەرچاوەی نیگەرانییکی قورس دەکات بۆ بوونی گەلی سووریا و ئەزمونی بەڕێوەبردنی شارەکانی سووریا بە عەقڵیەتی ئایینی توندڕەوەوە و ئەم ترسانە بە کردەوە بەرجەستە دەکات، هەتەشە بە عەقڵیەتێکی ئایینی واتە بە ئیسلامی توندڕەو وڵات بەڕێوە دەبات، بۆیە ناهاوسەنگی نێوان ئایین و بەرژەوەندی گشتی وڵات دەچێتە جێی گفتوگۆوە، دەبێتە هۆکاری فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاسایشی وڵات دەخاتە مەترسی زیاترەوە، حوکمڕانی سووریا بە عەقڵیەتی ئیسلامی توندڕەو، واتە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و خۆشکردنی زەمینە بۆ دابەشبوونی کۆمەڵگە.
"عاشقانی موزیک دەکوژرێن، ناوەندەکانی هونەری پەروەردەی ئەکادیمی و زانستیش دادەخرێن"
ئەڤین باشۆ پێی وایە، کە بواری هونەر ئازادترین و بێ سنوورە، ئاماژە بە هێرشەکانی هەتەشەی جیهادی لە دژی دەکات، وتی: بەگوێرەی هەتەشە گوێگرتن لە موزیک و فێربوون لە ڕێگەی ئەکادیمی و زانستیەوە گوناحە، لەو چوارچێوەیەشدا بواری هونەری هاوشانی هونەرمەندان، دەکرێتە ئامانج و هێرشی دەکرێتە سەری، ناوەندە پەروەردەیەکان لەوان پەیمانگای موزیکی حەلەب داخران، خۆشەویستانی موزیک دەکوژرێن، بۆ نمونە تالا، منداڵە کچە کەمانچەژەنەکە لە سوەیدا کوژرا، هێرش دەکرێتە سەر ئەو شوێنانەی کە موزیکیان لێ دەبیسترێت و دەست بەسەر ئامێرەکانی موزیکدا دەگیرێت.
"هەڕەشەکان لەسەر ئایندەی هونەر"
ئەڤین باشۆ بڕیارەکەی بەشی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی دیمەشق بە قەدەغەکردنی وێناکردنی "فیگەری ڕووت" لە فۆرمەکانی هونەری وەک پەیکەرسازی و فۆتۆگرافی و نەخشاندن شەرمەزار کرد و بە ناتەبا لەگەڵ ئەخلاقی کۆمەڵگەی ئیسلامی پێناسەی کرد، ئەم قەدەغەکردنە لە نەزانی زانستیەوە سەرچاوەی گرتوە، بەو پێیەی وێناکردنی فیگەری ڕووت چەندین مەبەست و هۆکاری هەیە، یەکەم: پەیکەرەکانی فیگەری ڕووت، جوانی و کامڵبوونی جەستەی مرۆڤ نیشان دەدەن، دووەم: ئامرازێکن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو هۆشیاریە کۆمەڵایەتیەی کە قژی ژن و جەستەی پیاو بە گوناح دەزانێت.
ئەڤین باشۆ پەیوەندی نێوان بەشی هونەر و تەندروستی لەڕووی پەیکەرسازی جەستەی ڕووتەوە بەراورد دەکات، لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: لایەنی پەروەردەی پەیکەرسازی جەستەی ڕووتیش لە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی جەستەی مرۆڤدا ئامادەیە، ئەو ئەناتۆمییەی لە خوێندنگە پزیشکییەکان دەخوێندرێت هەمان چەمکە کە لە بەشی هونەرە جوانەکان دەخوێندرێت لەکاتی پەیکەرسازی ڕووتدا، بۆ ئەوەی وردەکاریەکانی جەستەی مرۆڤ ببینرێت و بناسرێتەو، بۆیە ئەگەر ئەمە لە بەشی هونەردا قەدەغە بکرێت، ئەوە واتای وایە کە بەشی پزیشکی و خوێندکارەکانیشی لە ئەناتۆمی ژنان قەدەغە دەکەن هەموو ئەمانە مەترسی لەسەر ئایندەی هونەر و پزیشکی دروست دەکەن.
"ئەوان دەیانەوێت دەنگی فیشەک لە دەنگی موزیک بەرزتر بێت"
ئەڤین باشۆ هەروەها ڕوونیکردەوە، کە قەدەغەکردنەکە بارگرانیە لەسەر حکومەتی هەتەشە کە وڵاتەکە پاڵدەنێت بەرەو ئیسلامی توندڕەو، ئەو جیهادیانەی حوکمڕانی سووریا دەکەن، دەیانەوێت لەبری موزیک دەنگی فیشەک زاڵ بێت، هەروەها ڕەشیش بەسەر هەموو ڕەنگەکانی دیکەدا زاڵ بێت، بۆیە ئەم جۆرە بڕیارانە کاریگەرییان لەسەر پەیکەری کۆمەڵگەی سووریا هەیە، هەتەشە دەیەوێت هۆشیاری و ئایدۆلۆژیاکەی زاڵ بێت بەسەر کۆمەڵگەدا بە گشتی، لە سەرانسەری هەموو ئایین و بیروباوەڕ و نەتەوە و پێکهاتەکاندا، بەم شێوەیە ئێمە ئەو مەترسیە دەبینین کە لەسەر ئەو ئازادی و دیموکراتییە دروست دەبێت کە گەلی سووریا هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات.
وەک پەیمانگای باڵای هونەری هیلالی زێڕین، ئەڤین باشۆ کە ئازادی کۆمەڵگەکەی لە ئازادی هونەردا دەبینێت، ڕەخنەی لەم بڕیارە گرت و نیگەرانیەکانی دوپاتکردەوە، وتی: هونەر لە سووریا مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، یەکەم و کۆنترین نۆتەی موزیک لەسەر خاکی سووریا دۆزرایەوە، بەڵام ئێستا موزیک لێرە قەدەغە کراوە، هەروەها پەیکەرە کۆنەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئایین لە سووریا دۆزرایەوە، ئێستاش دروستکردنی پەیکەر قەدەغەیە ئێمە ڕەخنە لەم کارە دەگرین.
"پەیمانگا پاڵپشتی چالاکی و بۆنە و چالاکیەکانی خوێندکاران دەکات دژی بڕیارەکانی هەتەشە"
ئەڤین باشۆ بانگەوازی ئاراستەی خوێندکارانی بەشی هونەرە جوانەکان و سەرجەم بەشەکانی زانکۆکانی سووریا کرد، وتی: گەلی سووریا دژی بڕیارە سەپێنراوەکان هەڵدەستن، دەبێت ڕەتکردنەوە و ناڕەزایەتی لە ئاستێکی باڵادا هەبێت بەرامبەر بەو بڕیارانە، کە ئەمەش لەبەرئەوەی بڕیارە سەپێنراوەکە کاتی نییە، بەڵکو بڕیارێکی ستراتیژییە کە سروشتی کۆمەڵگەی سووریا و ئەو پەروەردەیەی لەناو سووریادا دابینکراوە دەگۆڕێت، ئێمە لە ۆەیمانگای باڵا پشتیوانی ڕەتکردنەوەی ئەو داواکاریە دەکەین و ناڕەزایەتی دەردەبڕین بەرامبەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ڕزگاری سووریا.
"نابێت جەستە لە ڕوانگەی سێکسی یان ئایینیەوە سەیر بکرێت"
دیانا فەرمان، خوێندکار لە بەشی نیگارکێشی و پەیکەرسازی، وەڵامی بڕیارەکەی هەتەشە دەداتەوە، وتی: نابێت هونەر و بیرۆکەی هونەرمەندان سنووردار بکرێت، هەروەها دروستکردنی پەیکەر و تابلۆی ڕووت نابێت بە شەرمەزاری هەژمار بکرێت، کاتێک جەستەیەکی ڕووت دروست دەکەین، نابێت لە ڕوانگەی سێکسی یان ئایینیەوە سەیری بکەین، دەبێت بزانین بۆچی بووە دروستکراوە، لە ڕوانگەیەکی هونەریەوە سەیری بکە، و لە ناوەکی هەموو وردەکارییەک تێبگە، جا دەستێک بێت، قاچێک بێت، گەدەیەک بێت، سنگێک بێت، یان دڵێک بێت، شتێکی تر ئەوەیە کە ئەمە جەستەی منە، جەستەی تۆیە و جەستەی ئەوانی ترە.
"ژیانێکی بێ هونەر و کۆمەڵگەیەکی بێ هونەرمەند ژیانێکی بێ واتا و بێ مانا"
دیانا فەرمان پێی وایە، کە گرنگە ئەو خوێندکارانەی کە ناچار بوون ئەم بڕیارە قبوڵ بکەن بێدەنگ نەبن، لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ژیانێک بەبێ هونەر نییە، گرنگە نیشانی نەوە نوێیەکان بدەین کە چۆن کلتوور و زمان و هونەرمان پاراست و لە ڕێگەی چ ئامراز و میتۆدێکەوە خۆمان دەربڕیوە، کاری هونەری هەروەها کاری ئەندازیارانیشە، لە ڕێگەیەوە ئێمە بەرجەستە دەکەین کە سێبەرەکان لە کوێ کەوتوون و ڕوناکی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و چۆن گۆشەکانی لە قاڵب دەدەین، ژیانی بێ هونەر و کۆمەڵگەیەکی بێ هونەرمەند وەک ژیانێکی بێ واتا وایە.