سنوور کەریم: ئەقڵییەتی پیاوسالاری سیاسیی ڕێگە بە ژنان نادات ببنە سەرۆک کۆماری عێراق
سنوور کەریم، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: ڕاستە لە لایەنەکدان بە فیزیکی ژن بوونی هەیە، بەڵام بڕیاردەر نییە، کەواتە لە ناوەندە سیاسییەکاندا بریاردەری ژن بوونی نییە، لە بەرامبەر ئەمەدا پەروەردەی کۆمەڵگە دەتوانێت زهنییەتی پیاوسالاری بگۆڕێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسی مافێکی بنەڕەتی ژنانە وەک مرۆڤ و یەکێکە لە بنەماکانی پرۆسەی دیموکراتیک هەر وڵاتێک، بەشداریی ژنان لەم بوارەدا ڕۆڵی کاریگەر و هاوبەشی هەبێت لە جومگە بڕیاردەرەکانی دەوڵەت و دامودەزگا جێبەجێکەرەکان، ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ گەشەی تواناو چەسپاندنی پێگەی ژن لە پرۆسەی بەرەوپێسبردنی کۆمەڵگە، هەروەها دەتوانن ئەم ڕۆڵەی خۆیان بەکاربهێنن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و چەسپاندنی یەکسانیی ڕەگەزی، پاشان دەسەڵاتی زهنییەتی پیاوسالاری لە هەموو بوارە سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتیی و پەروەردەییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ژنان لەسەر فکری ئەوەی ژن ناتوانێت کاری سیاسیی بکات، یان پیاوان بۆ کاری سیاسیی خوڵقاون، پەروەردە دەکەن، ئەمە نەبوونی متمانەیە بە تواناکانی ژنان لە ڕووی سایکۆلۆژیی تاکەوە، هەروەها حزب و لایەنە سیاسییەکان لە بەرنامەی لایەنەکەیاندا گرنگی بە بەشداری یەکسانی ژنان لە کایە سیاسییەکان نادەن، لە ڕووی پراکتیکەوە هەوڵیان نەداوە بۆ پەروەردەی کادرە ژنەکان و گەشەدان بە تواناکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، لەهەمان کاتدا سەرکردایەتی هەموو ئەو حزبە سیاسییانە پیاون کە گۆشکراون بە عەقڵیەتی دەستەڵاتداری پیاو لە کۆمەڵگەدا و سیاسەت و بەرنامەی ئەو حزبانە لەلایەن ئەو جۆرە زهنیەتەوە دیاری دەکرێت.
دوای ئەوەی سیستمی پاشایەتی عێراق لە ساڵی ١٩٥٨ بووە سیستمی کۆماری، تا ئێستا ١٢ کەس پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان وەرگرتووە، کە پیاون ئەوانیش محەمەد نەجیب ئەل-ڕەبیعی، عەبدولسەلام عارف، عەبدولڕەحمان بەزاز، عەبدولڕەحمان عارف، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەدام حوسێن، غازی یاوەر، جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح، لەتیف ڕەشید، نزار ئامێدی، لە ماوەی ٦٨ ساڵی سیستمی سەرۆکایەتییدا ڕێگە بە هیچ ژنێک نەدراوە ببنە سەرۆک کۆماری عێراق.
" ئەو ژنانەی لە کایە سیاسییەکان بڕیاردەدەن، بڕیاریکی باشیان بۆ کۆمەڵگە داوە"
سنوور کەریم، ڕۆژنامەنووس لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ژن لە سەرجەم سێکتەرەکاندا وەک بەرکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ژن وەک بکەرێکی قبوڵکراو نابیندرێت، بەڵکو وەک بەرکار تێڕوانینی بۆ ئەنجام دەدرێت، لە خێزانەکانەوە تا پێگە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، وتی: باوەڕی کۆمەڵگە بە تواناکانی ژنان لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام ئەگەر بێینە ناو ڕاستییەکانەوە ئەو ژنانەی توانای بریاردانیان لە پێگە سیاسیی و مرۆییەکاندا هەبووە، باشترین بریار و کاریان ئەنجامداوە، لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی ژنان لە پێگە سیاسییەکاندا کەمە، بەڵام کاتێک ڕۆڵ دەبینن ڕۆڵی گرنگیان هەبووە و بڕیارەکانیان بۆ هاوڵاتیان و پێگەکەیان لە چاو بریاری پیاوێکدا سەرکەوتوتر بووە، ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگە بۆ ژنان ڕۆڵی لە ڕێگریکردن لە بریاردانی ژناندا هەیە، بەشێک لە ژنان کاتێک خۆیان بۆ ناوەندەکانی بڕیار کاندید دەکان بە هۆکاری ئەوەی بەر تانەو تەشەلی کۆمەڵگەی ناوچەکە دەکەون پاشەکشە لە پۆستەکەی دەکات، لە ئاستی بڕیارو سیاسیی و بەرژەوەندییە گشتییەکاندا ژنانی بڕیاردەر هەن، بەڵام لەژێر بەرژەوەندی حیزبیدا بە چاوساخی لایەنێکی سیاسیی نەیانهێشتووە ڕۆڵی ژن و هەبوونی وجوود و توانای ژن ڕۆڵی سەرەکی خۆیان بگێڕن، ژنان لە پۆستی باڵادا ەن بەڵام بڕیارەکان لە لایەن پیاوێکەوە دراوە و ڕەنگدانەوەی پیاوسالاری بووە، ئێمە بینیمان لە ناوەندی دەسەڵاتی بڕیاردانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکەکەی ژنێک بوو، بەڵام نەیتوانی بەرگری لە کۆمەڵێک کەیسیی ژنان بکات، لە کاتیکدا تیپەڕاندنی ئەو یاسا و کەیسانە کارەساتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە ناوچەکەدا لێ کەوتەوە، کۆمەڵگەو ئەقڵیەتی پیاوانەی ناو لایەنە سیاسییەکان ڕێگرە لە بڕیاردانەکانی ژنان.
" کۆمەڵگەی پیاوسالاری بڕیاری ژنی لا پەسەند نییە"
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، نەک لایەنە سیاسییەکان بەڵکو کۆمەڵگە لە بناغەوە قبوڵکردنی بڕیاری ژنی لا پەسەند نییە، وتی: کاتێک ژنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەیسێک یان بریارێک قسە دەکات، ڕووبەڕووی تانەوتەشەلی کۆمەڵگە دەبێتەوە، تەنانەت کۆمەڵگەش بڕیارەکانی ژنانی پێ پەسەند ناکرێت، ئەم ئەقڵیەتە پێویستی بە شۆڕشیکی گەورەی زهنی لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەو غەدرە گەورەیەی ژنان لە ناو سیاسەتا لێی دەکرێت، ڕەنگدانەوەی خێزان و کۆمەڵگەکەیەتی، بۆیە ژن ناچارکراوە لە پەنای لایەنێکی سیاسیی کاردەکات، ژنان خۆیان ئەمە قبووڵ دەکەن، جونکە دەزانن کۆمەڵگەکەیان وجوود و تواناکانی ژنان وەک ژن قبوڵ ناکەن، بۆیە پەنا دەباتە بەر لایەنێکی سیاسیی کە بتوانیت ڕۆڵی پێبدات، بۆیە ناچاری بە کارکردن بەفکری خۆیانی دەکەن، لەژێر چاوی حزبەکەدا بریار بە ژنان دەردەکەن، ڕاستە لە لایەنەکاندا بە فیزیکی ژن بوونی هەیە، بەڵام بڕیاردەر نییە، کەواتە لە ناوەندە سیاسییەکاندا بریاردەری ژن بوونی نییە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: لە مێژووی عێراقدا ژنیک سەرۆک کۆمار نەبووە، لە ناو خێڵێکی مەزهەبگەرایدا ژن ناتوانێت ببێتە سەرکردەیەک، قبوڵکردنی ژن وەک سەرۆک کۆمار کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، لە خولەکانی رابردوودا ژن هەبووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار خۆی بەربژێر کردووە، بەڵام زەمینەی سیاسیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەی بە بەربژێرە ژنەکە نەداوە بچێتە پۆستی سەرۆک کۆماری، لە ڕاستیدا شکاندنی ئەو بەربەستانە بۆ ژنان ئاسان نییە، پێوستی بە بڕیاری سیاسیی نییە بەڵکو بە بریاریکی زهنی و مێژوویی و پەروەردەیی هەیە، گۆڕانکاری زهنی لە تاکی کۆمەڵگەدا ئەو بڕیارە دەگۆڕێت، لە ڕابردوودا کار لەسەر ئەو بابەتە زۆر کراوە، بە داخەوە راستییەکی تاڵە، دۆزی ژن بە هۆکارە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و خوڵقاندنی بە دەستی سیاسەتی سیاسیی ڕۆژبەڕۆژ دەهێندرێتەوە دواوە.