سلێمانی، ئیدانەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکرێت

گردبوونەوەیەک بە بەشداری دەیان هاوڵاتی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا، داواکرا پەدەکە پاڵپستی دوژمنان نەکات و هەڵوێستی جدی لەلایەن حکومەتەوە ببینرێت.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گردبوونەوەیەکدا لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی ئیدانەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و شەهیدکردنی حەوت گەریلا کرا، لە گردبوونەوەکەدا پاش وەستان بۆ ماوەی خولەکێک بۆ گیانی پاکی پاکڕەوان، لەلایەن هاوڵاتیانەوە چەندین دروشمی وەک 'بروخێت داگیرکاری، بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوە، شەهید نامرێت' دەوترایەوە.

 

وەهاب محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بەیاننامەییەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند ئەوان شەهیدکردنی تێکۆشەرانی گەل شەرمەزار دەکەن، شەهیدکردنی ئەو گەریلایانە لەلایەن پەدەکەوە بەکارێکی ناپاکی دەزانن، لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی ئەم هەرێمە شەرعیەت بەو داگیرکاری و هێرشانە دادەت.

 

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، هەرچەندە لەلایە پەدەکەوە شەهیدکردنی ئەو حەوت گەریلا ڕەتکرایەوە، بەڵام لەلایەن تەڤگەری ئازادییەوە داوای پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو ناپاکییە دەکرێت، هاوکات پێیان وایە ئەو هەڵوێستانە دۆزی گەلی کوردی سەدەیەک بردووەتەوە دواوە.

 

دواتر لەلایەن لوقمان حەسەن، ئەندامی گروپی ئاسۆی نوێ، بەیاننامەیەکی گروپەکە خوێندرایەوە، تێیدا شەرمەزاری داگیرکارییەکان و شەهیدکردنی حەوت گەریلاکە کرا، دواتریش لەلایەن باوکی شەهید سورکێو وتارێک پێشکەشکرا.

 

بانو هەڵەبجەیی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لە گردبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد، ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد، ڕاشیگەیاند پەدەکە کەمتەرخەمی ناکات لە ناپاکیەکانی، شوێنی گەریلاکان بۆ دەوڵەتی تورکیا دەستنیشان دەکات، وتیشی "سێ ئەنداممان هەر لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکراون، ڕێگاش نادات پارێزەرەکان بیانبینن، پەدەکە نوێنەری دەوڵەتی تورکە لە باشوری کوردستان".

 

ت.پ