شێوا گەنجی: زەینەب جەلالیان دەنگی ملیۆنەها ژنە
شێوا گەنجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان پەیامێکی بۆ زەینەب جەلالیان بڵاوکردەوەو وتی: زەینەب جەلالیان فێری کردین کە بەرخۆدان تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا ئەو واتا ڕاستەقینەیەیە کە هێزمان پێدەبەخشێت.
ناوەندی هەواڵ
شیوا گەنجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافی ژنان لەبارەی کەسایەتی زەینەب جەلالیان ژنە زیندانییکراوی سیاسیی کورد پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی: زەینەب ژنێکە بە ئیرادەیەکی ئاسنین و دڵێکی پڕ لە باوەری بە ئازادی، نیشانیداوە کە هێزی ڕاستەقینە لە بەرگریکردندایە، زەینەب ئەفسانەیەکی ئازایەتییە، هێمای هەموو ئەو ژنانەیە کە لە سێبەری چەوساندنەوەدا ژیاون، هەرگیز نەیانهێشتووە گڕی هیوا لە دڵیاندا بکوژێتەوە کە قورسایی زیندانی هەتاهەتایی و برینەکانی جەستە و ڕۆحیان ناتوانن لاوازیان بکەن.
وتیشی: لە زیندانێکدا کە سەرما و بێدەنگی هەموو دیوارەکانی داپۆشیبووە زەینەب بوو بە دەنگی هەموو ئەوانەی کە دەنگیان کپکراوە، لە سەختترین بارودۆخیشدا مانای ڕاستەقینەی ژیانە، ژنێکە کە لە پێناو بیروباوەڕەکانی خۆی شەڕی کردووە و بۆ بیروباوەڕەکانی خۆی وەستاوەتەوە، کە ئازادی و یەکسانی لە لایی ئەو نرخی هەیە.
" نیشانی داوە هیچ دیوارێک ناتوانێت ڕۆحی ئازاد بە کۆت و زنجیر ڕابگرێت"
شێوا گەنجی وتی: ئەو فێری کردین لە تاریکترین شەویشدا دەتواندرێت ڕووناکی بدۆزرێتەوەو ببێتە چرایەکی هیوا، ئەو ژنێکە کە کۆت و زنجیرەکانی دیلی کردووەتە سەکۆی ناڕەزایی و بەرخۆدان و نیشانی داوە هیچ دیوارێک ناتوانێت ڕۆحی ئازاد بە کۆت و زنجیر ڕابگرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی: ژیانی زەینەب جەلالیان چیرۆکی ئازایەتی و بەرخۆدانە، بە ئیرادەیەکی نەبەزێندراو، بوو بە دەنگی ملیۆنەها ژن کە لە پێناو دادپەروەری و ئازادیدا تێدەکۆشن، فێرمان دەکات کە بەرگری، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخدا، واتای ڕاستەقینەی هێزە.