"شۆڕشی ژنان زیندووکردنەوەی ناسنامەی کۆمەڵگەیە"
جۆرجێت بەرسووم، بەڕێوەبەری یەکێتی ژنانی مەسیحی کانتۆنی قامیشلۆ، دەستکەوتەکانی ژنانی مەسیحی لە شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوا-باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵسەنگاند و وتی: شۆڕشی ژنان یەکێکە لە بە نرخترین شۆڕشەکانی سەردەمی ئەمڕۆ.
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ- لە شۆڕشی ڕۆژئاوا-باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا، ژنانی مەسیحی خۆیان لە شۆڕشی ژناندا دۆزییەوە و ڕۆڵی پێشەنگیان گێڕا لە پەرەسەندنەکاندا، هەروەها ڕێکخستنی خۆیان ئاواکرد و داوای ماف و ناسنامە و هەبوونی کۆمەڵگەیان کرد و ژنانی مەسحی بوونە خاوەن دەستکەوتنی گرنگ.
جۆرجێت بەرسووم، بەڕێوەبەری یەکێتی ژنانی مەسیحی کانتۆنی قامیشلۆ، باس لە مەسیحی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات کە گەلێکی ڕەسەنی ناوچەکەن، خاوەنی چاند، مێژوو، زمان و ناسنامەن، شارستانییەتێکی دەوڵەمەندیان هەیە و ڕۆڵیان لە ئاواکردنی ژیاندا هەیە و ژنانی مەسیحی ئەو شارستانییەتەیان پاراستووە: " ناتوانین بڵێین پێش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئاسوودەیی دەمانتوانی بەشداری کۆمەڵگەی مەسیحی خۆمان بکەین، تەنیا هەندێک شتمان پێ ڕەوا دەبینرا تا ئەنجامی بدەین ئەویش تەنها لایەنی ئاینی بووە، بەهۆی سیاسەتەوە ڕۆژ بەڕۆژ کۆمەڵگەی مەسیحی لەناو کۆمەڵگەی دیکەدا بەرەو لەناوچوون دەچوو.
جۆرجێت وتیشی: بوونی ئێمە وەک سوری و ئاشوری و ئەرمەنی و کلدانی لە دوا هەناسەکانماندا بووین، بەڵام ئەو ڕاستییەمان دەزانی کە گەلێکی خاوەن ڕەسەنایەتی بەنرخین، بۆیە ئێمەش پێویستیمان بە شۆڕشێکی وەها هەبوو کە مافی خۆمان بۆ ناسنامە بگرین و خۆمان لە لەناوچوون بپارێزین، سیستەمی تواندنەوە بەسەر گەلەکەماندا ئەنجامدرا، وەک هەموو ئەو سیستمە پیسانەی کە لەسەر کۆمەڵگە ڕەسەنەکان ئەنجام درابوون.
بەشداری ژنانی مەسیحی لە شۆڕشی ژندا
شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوا-باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەنجەرەی ژیان و ژیانەوەی ناسنامەی هەموو کۆمەڵگە و گەلانی دانیشتووی ناوچەکە بوو، جۆرجێت دەربارەی بەشداری ژنانی مەسیحی، وتی: شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا یەکێک لە بە نرخترین شۆڕشەکانی ئەمڕۆی سەردەمی ئێمە، پەنجەرەی ژیان و ژیانەوەی هەموو کۆمەڵگە و نەتەوەکانی دانیشتووی ناوچەکە بوو، بە شۆڕشی ژنان ئێمەش باری کۆیلایەتی کۆمەڵگەمان فڕێدا و بە ڕۆحێکی گەرمەوە بەشداریمان کرد، ژنانی مەسیحی بە تایبەتی خۆیان لە شۆڕشی ژناندا دۆزییەوە و ڕۆڵی پێشەنگیان گێڕا لە پێشخستنیدا لەپاڵ ژنانی کورد و عەرەبدا.
ئەو ژنە مەسیحییە ئاماژەی بەوەشدا کە ژنانی مەسیحی ڕێکخستنی خۆیان دامەزراند و بوونە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگە و ئیرادەی ژنی ئازاد.
"پێویستە ژنان بۆ ئازادی تێکۆشان بکەن"
جۆرجێت بەرسووم بانگەوازی بەشداربوونی ژنانی لە تێکۆشاندا کرد و وتی: بوونی ئێمە وەک ژنانی مەسیحی لە سیاسەت و دبلۆماسیدا ئێمەی لە بەربەستی کۆمەڵایەتی و دابونەریت ڕزگار کرد، ئێمە ئێستا بڕیار لەسەر خۆبەڕێوەبەریی و کۆمەڵگای خۆمان دەدەین و هەموو کەس دەزانێت کە سیاسەتی ژنان سیاسەتی دادپەروەرییە، ژنان بنەمای ئەم کۆمەڵگایەن و پێویستە هەموو ژنان بۆ ئازادی خۆیان بجەنگن.
ت.پ