سۆهر: ١٣ کەس کوژراون کە ژنێکیان تێدایە

ڕێکخراوی سۆهر بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٣ کەس لە سووریا کوژراون کە ژنێکیان تێدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٣ کەس لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کوژراون کە ژنێکیان تێدایە.

 

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی ئیرنا، سۆهر لە ڕاپۆرتی دا، ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە شارۆچکەی کێلی سەر بە ئیدلب کوژراوە، هاوکات تەرمی کەسێک  لە شارۆچکەی ئەلبوکەمال لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دۆزراوەتەوە.

 

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، "فەرماندەیەکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئینتقالی سووریا" لە هێرشێکی چەکدارانی نەناسراو لە نزیک پردی مەهاجە لە گوندەکانی باکووری دارا کوژراوە. هەروەها باس لەوە کرا کە گەنجێک لە تەقەیەکی "تۆڵەسەندنەوە" لەسەر ڕێگای میلحە ئاتشا لە ڕۆژهەڵاتی دارا کوژراوە.

 

سۆهر ڕایگەیاند کە ژنێک بە هۆی دەوریەی "هێزە ئەمنییەکان" لەسەر ڕێگای کەنارەکانی ئەزراق لە لازقیە کوژراوە، هەروەها  چەکدارێکی نەناسراو لە گەڕەکی سەلاحەدین لە شاری حەلەب گەنجێکیان کوشتووە.

 

هەمان ناوەند باسی لەوەشکردووە، تەرمی گەنجێک کە گولـلە بەر سەری کەوتبوو لە گەڕەکی مەیدانی دیمەشق دۆزراوەتەوە، هەروەها لە شاری تافێس لە دارا، کەسێک گیانی لەدەستداوە کاتێک بە هەڵە فیشەک لە دەمانچەکەیەوە لە کاتی پاککردنەوەیدا تەقیوەتەوە.

 

سۆهر ئاشکرایکردووە کە لە گوندی هەمەر ئەلعەلی لە دێرەزوور باوکێک بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کوڕەکەی کوشتووە و لە شارۆچکەی قورییە ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری حکومەتی ئینتقالی سوریا لەلایەن ئامۆزاکانیەوە بەهۆی کێشە کۆنەکانەوە کوژراوە.

 

لە گوندی مەیدان لە ڕاس ئەلبەسیت لە لازقیە، گەنجێک و منداڵێکیش کە سەرقاڵی مەڕ بوون، لە هێرشێکی چەکداری نەناسراودا کوژران. جگە لەوەش لە گوندی مەهکان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، کەسێک بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگەوە گیانی لەدەستدا.