شلێر غەفور: کاتی ئەوەیە ئاشتییخوازان هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بدەن
شلێر شەهید غەفور ژاژڵەیی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەدیهێنانی خواستی سەرجەم گەلی کوردە و کاتی ئەوەیە ئاشتییخوازان پشتیوانی ئەم هەوڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە بن.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥ گروپێکی گەریلا بەناوی گرووپی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە وەڵامی بانگەوازییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لەچوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانی لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پاریزگای سلێمانی بەڕێوەبرد.
شلێر شەهید غەفور ژاژڵەیی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەنەکە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی لەناوبردنی چەک پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، خەبات لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد بەپێی سەردەم و قۆناغەکانی خەبات دەگۆڕدرێت، ساڵانێکی زۆر خەباتی چەکداری پەکەکە و کوردانی باکوور ڕۆڵی خۆی بینی لە بەرگریکردن لە کوردبوون و ناسنامەی کورد لە باکووری کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناوبردنی چەک لەلایەن گەریلاوە تەنها قۆناغێکی نوێی خەباتی گەلی کوردە لە باکوور، کە قۆناغی مەدەنی و پارستنی کولتووری کوردی و بەدەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی کورد دەبێت هاوشێوەی دەم پارتی کە توانیوویانە ڕۆڵێکی گەورە ببینن لە داکۆکیکردن لە ناسنامە و مافەکانی گەلی کورد.
شلێر شەهید غەفور ژاژڵەیی جەختی لەوەکردەوە، گەلی کورد گەلێکی ئاشتییخوازە لەبەرئەوە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەدیهێنانی خواستی سەرجەم گەلی کوردە کە هەتا ئەمڕۆش بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردبوون لە خەباتدایە، سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لەتوانایدایە بکرێتە هەوێنی بەدیهێنانی ئاشتی و پێشکەوتن لە سنوورەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای سەردەمێکی دورودرێژ لە شەڕ و ناکۆکیی، هەروەها کاتی ئەوەیە ئاشتییخوازان و ئاشتییپارێزان پشتیوانی ئەم هەوڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پرۆسەی ئاشتی.