شایان عەسکەری لەسەر بڕیاری دادگا بۆ بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی زانیاری دەدات
شایان عەسکەری پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەبێت ئەمڕۆ مامۆستا بەدەل ئازاد بکرێت و ئومێد بەرۆشکی بەهۆی کەیسی ترەوە لە ئێستادا ئازاد ناکرێت".

ناوەندی هەواڵ
ئەمرۆ پڕۆسەی دادگایی کردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و رۆژنامەنووس ئومێد بەڕوشکی بەڕێوەچوو، دەربارەی دادگایی کردنەکە و بڕیاری دادگا بۆ ئازادکردنیان،شایان عەسکەری، ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ دادگا بە کۆی دەنگ و بە پێی ماددەی ٢٢٢ بڕگەی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ تاوانباریانی کرد بە "ھاندان بۆ کۆبوونەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان" و سزای یەک ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاندن، بە ئەژمار کردنی ئەو ماوەیەی کە دەستگیرکرابوون.
دەشڵێت: "لە سەرەتای دانیشتنەکانی دادبینیەوە بەردەوام ئامادەی دانیشتنەکانی دادگاییکردن بووم، جگە لە تۆمەت بۆ ھەڵبەستن ھیچی دیکەم نەبینی و گوێم لێ نەبوو کە تاوانباریان بکات، نوێنەری ئەنجوومەنی ئاساییش کە سکاڵایان لەسەریان کردبوو باسی سێ شایەدیان کرد ھیچیان ئامادە نەبوون لە دادگا، لە دادبینیەکانی پێشووش کاتێک شێروان شێروانی و ھاوەڵاکانیان ھێنان کردیانن بە شایەد بەسەر مامۆستا بەدەل و کاک ئومێد، ھەموو ئیفادەکانیان ڕەت کردەوە، واتا شایەدیان نەبوو بەسەریانەوە".
شایان عەسکەری ئەوەشی خستەڕوو، ئەو حوکمەی دراوە بە دادپەروەری نازانێت و نەک تاوانبار نین بەڵکو دەبێت قەرەبووی ماددی و مەعنەویش بکرێنەوە، مامۆستا بەدەل باسی ئەوەی کرد کە ١٥ مانگە لە زیندانە، کەواتە دەبێت ئەمڕۆ ئازاد بکرێت، کەچی کێشەیان بۆ دروست کردووە چونکە مانگێک و چەند ڕۆژێک بێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە ودادوەر ئەو ماوەیەی بۆ ئەژمار ناکات، سەبارەت بە ڕۆژنامەنووس ئومێد بەڕوشکی، بەڕێزیان دووساڵ و شەش مانگ لەسەر سێ کەیسی سیاسی تر حوکم دراون بۆیە ئەو ئازاد ناکرێت، تا کەیسەکانی تری یەکلایی نەبێتەوە.
بەدەل بەرواری لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٠ەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام تا ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دادوەری لێکۆڵینەوەی نەبینیوە، بۆیە ئەو دوو مانگەی بۆ هەژمار ناکرێت و بۆ تەواوکردنی سزای یەک ساڵەکەی پێویستە تا ٢٦ی مانگی داهاتوو لە زینداندا بێت.
ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی بەھۆی هەبوونی ٧ سکاڵای دیکە لەسەری، تێکڕای سزاکانی سێ ساڵ و ٦ مانگ و غەرامەی ٢٥٠ ھەزار دیناری عێراقیە، ئەو ڕۆژنامەنووسە ساڵێکی سزاکەی لە زیندانی ئاسایشدا تەواوکردووە، بۆ تەواوکردنی ماوەی سزاکەی دوو ساڵ و ٦ مانگی دیکە لە زیندانی چاکسازی گەوراندا زیندانی دەکرێت.