شارەوانی ڕێزان دەستیکرد بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ژنان

شارەوانی ڕێزان لە ئامەد، بە ئامانجی ئامادەکردنی پلان و پڕۆژەکانی بەپێی پێویستی و خواستی ژنان، کۆبوونەوەی ژنانی دەستپێکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

شارەوانی ڕێزان لە ئامەد کۆبوونەوەی ژنانی دەستپێکرد بۆ جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکان بەپێی پێویستی و خواستی ژنان، لەیلا ئەیاز،هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێزان، ژیان ئەسلان جێگری هاوسەرۆکانی شارەوانی، ژنانی ئەنجومەنی شارەوانی، دەریا بەرکتاش ئاچماز، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژنان و خێزان لە باخی ئەڤی کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژنان و خێزانە لە گەڕەکی باغجیلار، بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

                                       

"تا کۆتایی سوود لە دەرفەتەکان وەردەگرین"

لەکۆبوونەوەکەدا لەیلا ئەیاز، هاوسەرۆکی شارەوانی ڕێزان ئاماژەی بەوەکرد ژنان بە باشترین شێوە کێشەکانی شارەکە دەزانن و هەر بۆیە کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ دیاریکردنی کەموکورتییەکان، هەرچەندە شارەوانی قەرزی وەرگرتووە و حکومەتیش ڕێوشوێنی پاشەکەوتکردن جێبەجێ دەکات، بەڵام تا کۆتایی هەوڵەکانیان بەکاردەهێنن، بەتایبەتی بۆژنان و منداڵان، هەموو هەوڵەکانیان بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان.

 

لەیلا ئەیاز ئەوەشیخستەڕوو، کاتێک پلانی کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەنیان ئامادە دەکەن، لەگەڵ ژنان پێکەوە پێداویستییەکان دیاری دەکەن و وتی: ئێمە تەنها لەسەر مێز بڕیار نادەین، بەڵکو کە بڕیارماندا جێبەجێی دەکەین.

 

ژنان ویستی خۆیان دەربڕی

 

ئەو ژنانەی دوای وتارەکەی لەیلا ئەیاز قسەیان کرد، ئاماژەیان بەوەکردووە، پێویستیان بە بازاڕی گەڕەکی ژنان و خولی خوێندەواری و پیشەیی هەیە کە بتوانن بەشداری لە بەرهەمهێنان و دامەزراندندا بکەن، هەروەها خزمەتگوزاری لە ناوچەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی بۆ منداڵەکانیان بکرێتەوە.

 

داواشیانکرد، هەردوو دایک و باوک و منداڵەکانیان لە دژی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان پەروەردە بکرێن و بۆ ئەو مەبەستەش هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە،  هەروەها داوا دەکەن پەرتووکخانە و گۆڕەپانی وەرزشی بۆ گەنجان بکرێتەوە.

 

لەیلا ئەیاز ، لە پاش گوێبیستبوون لە داخوازی ژنان بەڵێنی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی دا.