شاندی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ بەشێک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی سویسرا کۆبووەوە

شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە شاری سات گالن لە سویسرا، لەگەڵ پەرلەمانتارانی ژنی پارتی سەوزی سویسری و پارتی چەپی سۆسیالیست کۆبوونەوە و تیشکیان خستەسەر دۆخی ژنان لە سووریا بە تایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا  لەدرێژەی گەشتە ئەوروپییەکەیاندا، دوێنی ٣٠ی ئەیلوول لە شاری سات گالن لە سویسرا، لەگەڵ پەرلەمانتارانی ژنی پارتی سەوزی سویسری و پارتی چەپی سۆسیالیست کۆبوونەوە.

 

گفتوگۆکان لەسەر دۆخی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە گشتی لە سوریا چڕببوونەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو. پرسیاری سەرەکی دەربارەی ئەو ئاڵنگارییانە کران کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، هەروەها ڕۆڵی ئەوان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکساندا باسکرا.

 

شاندەکە جەختی لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی پشتیوانی سیاسی و بەهێزکردنی زمانی گفتوگۆ لە نێوان سوورییەکاندا کردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانەکان، لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەسەر پاراستنی مافەکانی ژنان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار.

 

ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی گەشتێکی ئەوروپیدایە کە شاندەکە لە ٦ـی ئەیلولی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و سویسرای گرتۆتەوە. لەو ماوەیەدا شاندەکە لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و پەرلەمانی و فێمینیستەکاندا کۆبۆتەوە، و پرسی ژنان، دۆسیەی مرۆیی، مەترسییەکانی گەڕانەوەی داعش، و ڕێگاکانی بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک، فرەیی و ناناوەندی تاوتوێ کردووە.