شاندی ژنان لەگەڵ توێژەرانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە
لە چوارچێوەی پتەوکردنی هاوکاریی ئەکادیمی و یاساییدا، شاندێکی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتییان لەگەڵ توێژەرانی چەند وڵاتێک ئەنجامدا، باسیان لە پرسەکانی پەروەردە، یاسای ژنان، هەڵاواردن و ڕێگاکانی بونیادنانی هاوبەشی توێژینەوە کرد.

ناوەندی هەواڵ
شاندی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئەوروپا بەردەوامن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە چارەنووسسازەکان، کە ئامانجیان بونیادنانی هاودەنگی ژنان لە سنوور بەزاندن و بەڵگەنامەکردنی ئەزمونە یاسایی و پەروەردەییەکان لە کۆڕبەندی ئەکادیمی و مافی مرۆڤدا.
لە هەنگاوێکدا، بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و تیشک خستنە سەر ڕاستی ژنان لە سووریا، شاندێکی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژی ٢٣ی ئەیلوول لەگەڵ کۆمەڵێک توێژەری نەتەوە جیاوازەکان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پرسەکانی پەروەردە و مافە یاساییەکان و جیاکاری ڕەگەزی لە ناوچەکە کرا.
گفتوگۆکە تیشکی خستە سەر ئەزمونی ئەو سێ زانکۆیەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن، کە تێیدا خوێندکاران بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سریانی فێرکاری وەردەگرن، هەروەها توێژەران ئەم ئەزمونەیان بە نمونەیەکی ناوازە لە ناوچەکە زانی، کە ناسنامەی کولتووری بەهێز دەکات و بنەمای فرە زمانی لە خوێندنی باڵادا چەسپاندووە.
شاندەکە هەوڵیدا پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان زانکۆکانی هەرێم و ڕێکخراوە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان دابمەزرێنێت، بە ئامانجی هێنانە ناوەوەی پرسە ناوچەییەکان لە سیمینار و توێژینەوە جیهانییەکاندا، هەروەها ئاڵوگۆڕی شارەزای لە بوارەکانی پەروەردە و توێژینەوە و بەهێزکردنی ژنان، توێژەران بە هەردوو ڕەگەز، گرنگییەکی زۆریان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی، بە تایبەت لە ڕۆشنایی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی پەروەردە دەبنەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئاژانسەکەمان، ئەو ڕێکخراوە لەگەڵیدا کۆبووەتەوە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی لێکۆڵینەوەیە لەسەر پرسی کورد و لەئێستادا، سەرقاڵی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی نوێیە لەسەر پێکهاتەکانی هەرێم، لەوانەش ژنان، و ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە خۆبەڕێوبەری.
بەرەو هاوپشتی ژنانی نێودەوڵەتی
هەروەها شاندەکە لەگەڵ ڕێکخراو"تیرا" (Terre des Femmes)کۆبووەوە کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناحکومییە و لە ساڵی ١٩٦٠ لە سویسرا دامەزراوە، کار لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەکات، بەتایبەتی پاراستنی منداڵان و ژنان لە توندوتیژی و چەوساندنەوە و هاوسەرگیری زۆرەملێ.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیەکی قوڵی لەبارەی یاسای ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەخۆگرتبوو، شاندەکە دیارترین بڕگەکانی یاساکەیان خستەڕوو، لەوانە قەدەغەکردنی فرەژنی، بەتاوان کردنی توندوتیژی خێزانی، هەروەها دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی ژنان لە دامەزراوەکاندا، ڕێکخراوەکە ئارەزووی خۆی بۆ ئەم ئەزمونە یاساییە دەربڕی، هەروەها خواستی خۆی دەربڕی بۆ پشتگیریکردن لە ڕێگەی پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکانییەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەڵگەنامەکردنی یاسایی، بونیادنانی توانا و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شاندی ژنان بۆ تیشک خستنە سەر پرسەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەستنەوەی بە بزووتنەوەی ژنانی جیهانی و بەڵگەنامەکردنی ئەزموونە ناوخۆییەکان لە مەکۆی ئەکادیمی و یاساییدا دێت، لەگەڵیشیدا، پێشبینی دەکرێت ئەم کۆبوونەوانە ببێتە هۆی هاوکاریی توێژینەوە و خولی پەروەردەی لە داهاتوودا، کە بوونی پرسی ژنان لە ناوچەکەدا لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە.