شاندی ئیمراڵی: ئاشتی بە یاساو دادپەروەری دەبێت

شاندی ئیمراڵیی دەم پاتی و یەڵماز تونجÖ وەزیری داد کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا مژاری هەموWارکردنەوە یاساییەکانی پەیوەست بە پرۆسەکە و دۆخی زیندانیان تاوتوێ کرا.

ناوەندی هەواڵ 

 

 

ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەریەک لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، ئەمڕۆ لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەکی نیو کاتژمێرییان لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا ئەنجام دا. دوای کۆبوونەوەکە لە پێش وەزارەتی داد ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا میدحەت سانجار بە ناوی شاندەکەوە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەمووارکردنەوە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە کراوە. سانجار ئاماژەی بەوەشدا دەربارەی ئەو کارانەی وەزارت لە ئێستادا بەڕێوەی دەبات زانیارییان وەرگرتووە و لە بەرانبەردا وەک شاندەکە پێشنیار و بۆچوونی خۆیان بۆ وەزیری داد دەربڕیوە.

 

'ئامانج مسۆگەرکردنی ئاشتییە لەڕێگەی یاساوە'

لە بەردەوامییدا سانجار ئاماژەی بەوەدا تەنها بە زەمینەی دادپەروەری و گرەنتی یاسایی دەتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی بهێندرێت و جەختی کردەوە لەم بابەتەدا ئەرک و ڕۆڵێکی کاریگەر دەکەوێتەسەر وەزارەتی داد. سانجار ئاشکرایشی کرد یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەیان یازدەهەمین پاکێجی دادوەری بووە کە لە پەرلەماندا پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و گوتی: "ئامانجمانە ئاشتی لەڕێگەی یاساوە مسۆگەر بکرێت و لەسەر زەمینەی دادپەروەری هەمیشەیی بکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانییدا میدحەت سانجار، جەختی لەسەر بەردەوامیی کۆبوونەوە و دیدارەکانی شاندەکە کرد کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بەڕێوەی دەبەن.

 

دواتر ئەندامی شاندەکە پەروین بوڵدان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری داد بەرهەمدار بووە و لە کۆبوونەوەکەدا بە تایبەت قسە لەسەر هەمواکردنەوە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە کراوە. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، مژارەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دۆخی زیندانیانی نەخۆش و پەککەوتەکان و گیراوانی جێبەجێکردن بووە کە فایلەکانیان سوتێندراوە.

 

بوڵدان لە درێژەدا سەرنجی خستەسەر دواخستنی ئازادکردنی زیندانیان لە زیندانەکانی تورکیا و ئاماژەی بەوەدا لیژنەکانی چاودێری و ئیداری گرتووخانەکان بەرپرسن لەم پێشێلکاریانە و وتی: لەم بابەتەدا پێشنیار و بۆچونی خۆمان پێشکەشی وەزارەت کردووە.

 

ئەندامانی شاندەکە بە جەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە کۆبوونەوە و دیدارەکانیان کۆتاییان بە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە هێنا.