شاندی پەرلەمانتارانی هەدەپە دوای شەنگال سەردانی کامپی مەخموریان کرد

شاندی پەرلەمانتارانی هەدەپە سەردانی کامپی مەخموریان کرد و شوێنەواری بۆردومانەکەی شەوی ١ی شوباتیان بەسەرکردەوە، ئاماژەیان بەوەدا هێرشکردنە سەر شەنگال و مەخمور هەمان پیلانی هێرشکردنە سەر هەدەپەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شاندی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە سەردانی کامپی مەخموریان کرد و لەگەڵ دانیشتوانی کامپەکە کۆبوونەوە، ئەمە لە کاتێکدایە شاندەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی شەنگالیان کرد و باسیان لەوەکرد کە ڕاستی بۆردوومانکردنی کامپی مەخمور و شەنگال دەگەیەننە ڕایگشتیی.

 

شاندەکە شوێنی بۆردومانی شەوی ١ی شوباتی ئەمساڵیان بەسەرکردەوە، پاشان لە کۆمیتەی کەسوکاری شەهیدانی کامپەکە لەگەڵ بەشێک لە دانیشتوانی کامپەکە کۆبوونەوە، هودا کاسیا، پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی هەدەپە وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: هێرشەکانی سەر شەنگال و مەخمور دوور نین لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەدەپە، هەمان ئەقڵییەت دەیەوێت لەناومان ببات، ئێمە جارێکی دیکە ماسکی دەوڵەتی تورک هەڵدەدەینەوە، ئەو درۆیانەی لەبارەی مەخمور و شەنگالەوە دەکرێن بۆ ڕایگشتیی ڕووندەکەینەوە.

 

هەریەک لە پەرلەمانتاران  فەلەکناس ئوجا و موراد چەپنی و حەسەن ئۆزگونەش قسەی خۆیان لە کۆبوونەوەکەدا کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە بەڵێن دەدەن هەتا کۆتای بەدوای دۆزی هاوڵاتیاندا بچن، وتیشیان: "ڕاستە ئێمە لە باکووری کوردستان دەژین و دوورین لە ئێوە، بەڵام هەمیشە لە دڵ و دەروونماندا لەگەڵ ئێوەدا دەژین، دەوڵەتی تورک بەم هێرشە جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند، کە دوورە لە ئەخلاق و پێوەرەکان".

 

فلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور بەناوی دانیشتووانی کامپەکەوە قسەیکرد و وتی: زۆر خۆشحاڵین کە پارتەکەمان سەردانیان کردووین و هاوبەشی ئازارەکانمان بوون، ئێمە خاوەن ئیرادە و تێکۆشانین، خەڵکی مەخمور ئیرادەی پۆڵاینیی هەیە، هیچ کات خەڵکی مەخمور ملکەچ نەبووە و ملکەچیش نابێت.

 

ت.پ