شاندی هەدەپە و تەڤگەری ئازادی کۆبوونەوە
شاندی هەدەپە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی جەختیان لە یەکێتی نەتەوەیی کردەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیان بە گرنگ پێناسە کرد.
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادی لە شاری سلێمانی، شاندی هەدەپە لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکان و یەکێتی نەتەوەییان کرد.
شاندی هەدەپە کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە مەرال دانش بێشتاش و مەحمود تورغول، لەلایەن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، محەمەد عەبدوڵا و ئەندامانی بەڕێوەبەرییەوە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە یەکڕیزی و پاڵپشتی یەکدی بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق کرا، هەروەها بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێندرا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش بە قۆناغێکی گرنگ بۆ کورد پێناسە کرا.
هاوکات هەردوولا بەگرنگییەوە باسیان لە پرسی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و هەماهەنگیی زیاتری لایەنەکان کردەوە لەپێناو مسۆگەرکردنی مافە دەستووریی و سیاسییەکانی گەلی کورد لە عێراق و ناوچەکە.
ت.پ