سلێمانی، ١١یەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن بە بەشداری ژنانی چالاکوان کرایەوە
نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە شاری سلێمانی بە بەشداری ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکان، ١١یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانی بەرز ڕاگرت و ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان باسی لێوەکرا.
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی مەراسیمی بەرز ڕاگرتنی شۆڕشی ١٩ی تەمموزی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە شۆڕشی ژن بەناو دەکرێت، لەلایەن نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار بە بەشداری ژنانی چالاکوان، نوێنەر و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنانی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژنان خرایە بەرچاو.
مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە پاکڕەوان و ژنانی پێشەنگ دەستیپێکرد،پاشان وتاری کۆنگرەی ستار لەلایەن سڵاڤا سلێمان، ئەندامی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەدا کە لە کوێ ئازارێک هەبێت دڵی ژنان ئازار دەدات، چونکە سنورەکان تەنها دەستکردن و ناتوانن کاریگەری بکەنە سەر دڵی ژنانی کورد، "بۆیە لە هەر كـوێیەک هێرشێک هەبێت، ئێوە خـاوەن هەڵوێستن، له هەر شوێنێک بەرخۆدان پێشبکەوێت، ئێوە دەنگی تێکۆشان بەرز دەکەنەوە، ئەمەش واتای هەڵوێستی نەتەوەییە".
لێمان شویش، نوێنەری کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد وتی: شۆڕشی ١٩ی تەمموز بناغەی ڕێکخستنی ژنی کوردی هەبوو بۆ دەستهێنانی ئازادیی و مافەکان، شۆڕشیش لەسەر ئەو بناغەیە دروستبوو، کە ئامانجەکەی سەرکەوتنی ئیرادەی ژن و گەلی کورد بوو، "جیاوازیی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هەموو شۆڕشەکانی دیکە، بریتییە لە نوێنەرایەتی ژن لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، چونکە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژن بوو، لە بەرامبەر هێزێکی تووندڕەوی وەک داعش، تێکۆشان و بەرخۆدانێکی بێوێنە کرا، کە ئەوەش بە ئیرادەی ژنی ئازاد ئەنجامگیر بوو، یەکێک لە سەرکەوتنەکانیش ڕاکێشانی سەرنجی جیهان بوو بۆ لای تێکۆشانی ژنی کورد".
لە درێژەی مەراسیمەکەدا دۆکۆمێنتارییەک لەسەر تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشاندرا، پاشان لەلایەن ژنانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی نوێنەرایەتیی کۆنگرە ستار کرا و چەپکە گوڵیان پێشکەشکرد.