هاشتاگی ژینا ئەمینی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد

سەرەڕای پچڕانی ئینتەرنێت لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، هاشتاگی مەهسا ئەمینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە هاشتاگێکی جیهانی کە بۆ یەکەم جارە ژمارەی پێوانەی تۆماربکات و بگاتە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە بە ناوی مەهسا ئەمینی، شەپۆلێکی بەرفراوانی هەڵچوون و ناڕەزایەتی و مانگرتنی لێکەوتەوە و هەڕەشە لە هەموو ڕژێمی ئێران دەکات، لەگەڵ پەرەسەندنی ناسەقامگیری جیهانی بۆ چینە دەسەڵاتدارەکان، ڕەنگە هەموو ناوچەکە جارێکی دیکە ببێتە ناوەندی شۆڕش و دژە شۆڕش.

 

سەرەڕای سەرکوتکردنی دڕندانە و کوشتن و دەستگیرکردن لە شەقامەکان، پچڕاندنی ئینتەرنێت و فیلتەرکردنی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەڵام هاشتاگی مەهسا ئەمینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە هاشتاگێکی جیهانی کە بۆ یەکەم جارە ژمارەی پێوانەی تۆماربکات و بگاتە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن.

 

هەروەها هاشتاگی " ژن، ژیان، ئازادی" و  " زن، زندگی، آزادی" بە هەمان شێوە لە جیهاندا بووەتە دروشمێک بۆ ئازادی و شۆڕشی ژنان و دەنگدانەوەیەکی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا کە لە سەرەتادا نیشاندانی ناڕەزایەتی ژنانی ئێران بوو بەرامبەر سەرکوتکردنەکانی ڕژێمی ئێران.

 

 لەم دواییانەدا ژنان لە ئەفغانستان کۆبوونەوە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی خۆیان بۆ ژنانی ئێران بەڵام گردبوونەوەکە لەلایەن تاڵیبانەوە هەڵوەشایەوە کە ترسیان هەیە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکە بڵاوبێتەوە.

 

لە کاتێکدا مردنی مەهسا ئەمینی و نائارامییەکانی ئێران هەواڵێکی سەرەکییە لە سەرانسەری جیهاندا، و لە هەموو وڵاتانی جیهان ڕێپێوان و ناڕەزایەتی ئەنجامدرا بەڵام ڕووداوەکە و پاشهاتەکانی لە میدیاکانی چیندا تاڕادەیەک گرنگییەکی کەمی پێدرا، کە گێڕانەوەکە زیاتر لەسەر ئەوە چڕکراوەتەوە کە چۆن وەڵامەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەو پرسە خەریکە هەست و سۆزی دژە ئەمریکا چڕتر دەکەنەوە لەناو ئێراندا.