عێراق، زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار خوێندکاری پۆلی یەک دەست بە خوێندن دەکەن

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٢ ملیۆن خوێندكار پەیوەندی بە خوێندنگەكانەوە كردووە، لە ناویاندا زیاتر لە ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار خوێندکار لە پۆلی ١ـی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەكەن.

ناوەندی هەواڵ

 

كەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بە میدیا ناوخۆییەكانی ڕاگەیاند، ئامادەكاریی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواو بووە، ئامادەكارییەكان لە چەند ڕوویەكەوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە، بە تایبەت لە بوارەكانی چاپكردنی كتێب و دابینكردن پێدوایستییەكانی خوێندن.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق لێدرا، زیاتر لە ١٢ ملیۆن خوێندكار پەیوەندی بە خوێندنگەكانەوە كردووە، لە ناویاندا زیاتر لە ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار خوێندکار لە پۆلی ١ـی سەرەتایی دەست بە خوێندن دەكەن.

 

هاوکات ئەمڕۆ لە كەركووك زەنگی ساڵی نوێی خوێندنى ساڵى ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لێ درا و لە خوێندنی پەروەردەی كوردی كەركووك بۆ ئەم ساڵ ١٠٠ هەزار خوێندكار بەشداری پرۆسەكە دەكەن، بڕیاریشە لە ٢٥ی ئەم مانگەدا پرۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، بەڵام بەهۆی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەلایەن حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستانەوە، بەشێك لە مامۆستایان بڕیاری بایكۆتكردنی دەوامیان داوە.