"خەباتی ژنانی فەلەستینی و کورد ڕەنگدانەوەی یەکڕیزیی دۆز و چارەنووسە"

ئەنجومەنی هەماهەنگی کوردستان لە ڕێپێوانی جیهانی ژنان دووپاتی کردەوە کە ئازارەکانی خالێدە جەرار درێژکراوەی خەباتی ژنانی کوردە، بەو پێیەی ئەم پەیوەندییە لە نێوان خەباتی ژنانی فەلەستینی و ژنی کورد ڕەنگدانەوەی یەکگرتوویی دۆز و چارەنووسە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٣١ی ئاب، ئەنجومەنی هەماهەنگی کوردستانی ڕێپێوانی جیهانی بۆ ژنان - باکووری ئەفریقا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بارودۆخی زیندانیانی فەلەستینی و چالاکوانی مافی مرۆڤ خالیدە جەراری شەرمەزار کرد.

 

لە بەیاننامەی هەماهەنگی کوردستانی ڕێپێوانی جیهانی بۆ ژنان - باکووری ئەفریقا و هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتووە: لە کاتێکدا کە گەلی فەلەستین بەدەست داگیرکاری و پێشێلکارییە بەردەوامەکانییەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ خۆمان دەبینینەوە کە ڕووبەڕووی کارەساتێکی نوێ بووینەوە کە بەرجەستەی ئازارەکانی ئازادیخواز خالیدە ئەلجەرار ئەم سیاسەتمەدار و چالاکوانە کە بووەتە سیمبولی بەرخۆدان و بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ و زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی دەبێتەوە، بەو پێیەی چەندین جار بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەستگیرکراوە و بەبێ تۆمەت لە هەوڵێکدا بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکەی خراوەتە زیندانەوە.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە ، خەباتی خالیدە جەرار خەباتێکی کەسی نییە، بەڵکو خەباتی هەموو گەلانی ستەملێکراوە کە بەدوای ئازادی و کەرامەتدا دەگەڕێن، هەروەک چۆن ژنانی کورد لە زیندانەکانی داگیرکاری تورکیا و ئێراندا بەدەست سەرکوت و گۆشەگیرییەوە دەناڵێنن، کە لەوێدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە سێدارەدان و سزای هەتاهەتایی بەهۆی خەبات و بەرخۆدانەوە  لە ئازارەکانی خالیدە جەراردا دەیبینین، وەک درێژکراوەی خەباتیان، ئەم پەیوەندییە لە نێوان خەباتی ژنانی فەلەستینی و کورددا ڕەنگدانەوەی یەکگرتوویی دۆز و چارەنووسە، لە بەرامبەر نادادپەروەری و ستەمکاریدا ئەوەی کە خالیدە جەرار و ژنانی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەشێکە لە سیاسەتە سیستماتیکییەکان بە ئامانجی کپکردنی دەنگی ئازادی و بێدەنگکردنی ئەوانەی داوای دادپەروەری و یەکسانی دەکەن، بەرپرسیارێتی هەموومانە نەهێڵین دەنگە ئازادەکان لە تاریکیدا بمێننەوە، ئێمە ئەو زوڵمەی کە ژنانی کورد لە زیندانە داگیرکەرەکاندا تووشی دەبن، شەرمەزار دەکەین ، و لەم چوارچێوەیەدا جەخت لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هەموو بزووتنەوە و ڕێکخراوە ڕزگاریخوازەکان دەکەینەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هەماهەنگییەکە داوای لە هەموو زلهێزەکانی جیهان کرد لە تەنیشتیانەوە بوەستن، هەروەها هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئازادکردنی خالێدە جەرار و هەموو ئەو ژنانەی کە لە زیندانە داگیرکارییەکاندان دەبێت دەنگی حەقیقەت ببیسترێت و هاوبەشی ئێمە ببیسترێت، ئیرادە لە هەر دیوارێک یان زیندانێک بەهێزتر دەمێنێتەوە.