"لە دژی قەدەغەکردن لە هەموو شوێنێک بە کوردی قسە دەکەین"

٢١ ڕێکخراو و ناوەندی زمانی کوردی دژی قەدەغەکردنی شانۆ و کۆنسێرتی هونەرمەندانی کورد لە تورکیا دەڵێن: دژی قەدەغەکردنی زمانی کوردی، ئێمە زیاتر قسەی پێدەکەین و دەیپارێزین.

ناوەندی هەواڵ

 

بە بەیاننامەیەکی هاوبەش تۆڕی کلتور و زمانی کوردی، سەنتەری کلتوری میزۆپۆتامیا، پەیمانگای کوردی ئەستەنبول و چەند ڕێکخراو و کۆمەڵەیەکی دیکەی کلتوری و زمانەوانی، کۆی گشتیان پێکدێن لە ٢١ ڕێکخراو و کۆمەڵە، قەدەغەکردنی شانۆ و کۆنسێرتی کوردییان شەرمەزار کرد.

 

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بە هێرشی سەدان ساڵەی سەر گەلی کورد کرا و لەسەر قەدەغەکردنی کۆنسێرتی ئاینور دۆغان، گۆرانیبێژی باکوری کوردستان لە تورکیا و مەتین کەمال کەهرەمان و شانۆگەری مەنجەل وتیان: ئێمە دەزانین کە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرت و شانۆییەکان بیانوون، کێشەی سەرەکی ترسی خاوەندارێتی کوردە لە کلتور و زمانەکەی.

 

هەروەها ڕاگەیەندرا کە سەرەڕای قەدەغەکردن و ئاستەنگییەکان زمانی کوردی هەر دەپارێزرێت، "ئێمە لە هەموو شوێنێک دژ بەو هێرش و پەلامارانە بە زمانی کوردی قسە دەکەین و گۆرانی دەڵێین و وەڵام دەدەینەوە، ئەم هێرشە تەنیا دەتوانێت داواکاریمان بۆ پاراستن و پێشخستنی کوردی زیاتر بکات، گەلی کورد بەهۆی قەدەغەکاری و هێرشەوە واز لەزمانی خۆی ناهێنێت، بەڵکو لە دژی ئەو قەدەغەکارییانەی کە لەسەر کلتور و زمانی کوردی دەکرێت، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا زمانەکەمان دەپارێزین".