خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا هەوڵی کۆکردنەوەی کۆدەنگی دژی هێرشەکانی تورکیا دەدات
شاندێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێیان کرد و داوای یەک هەڵوێستیان کرد دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە شاری سلێمانی شاندێکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرۆکایەتیی جێگری هاوسەرۆکانی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێیان کرد.
شاندەکە ئامانجییەتی کە یەک هەڵوێستی لایەنەکان دژی هێرش و داگیرکارییەکان لەسەر تەواوی کوردستان پێکبێت، لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێدا، ئاماژە بەوەدراوە کە ڕێگانەدەن هیچ لایەنێک ببێتە هاوکاری دوژمنان بەتایبەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کە دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببات و شەڕی کورد بە کورد دروستبکات.
شاندەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە کۆبوونەوەکان گرنگ و بەرهەمدارن.