٧٥ ڕێکخراوی ژنان داوایەک ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

٧٥ ڕێکخراوی ژنان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان نامەیەکیان ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و داوایان کردووە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بوەستێنێت، چونکە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروستکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

٧٥ ڕێکخراوی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی ژن لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە نامەیەکی کراوەیان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و داوایانکرد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕابگرت.

 

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە فرۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەسەر ئاسمانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەنگال و مەخموردا دەسوڕێتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروستکردووە و خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانجی هێرشەکان، هەروەها تێیدا باس لە پاڵپشتییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات.

 

"دەوڵەتی تورکیا پاڵپشت بە ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی ئەنجامدەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە ئاسایشی نەتەوەیی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شەنگال و مەخمورەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، بەو پاساوە دەیەوێت زۆرترین ناوچە داگیربکات و شەڕی پەکەکەش دەکاتە بیانوو بۆ داگیرکارییە سەربازییەکانی و دەستێوەردانە سیاسییەکانی لە باشوری کوردستان، ئەوەش دۆخی ئەو ناوچانەی زیاتر ناسەقامگیر کردووە".

 

ژنان ئەوەشیان خستووەتە ڕوو کە سوپای تورکیا پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەکات و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکاردەهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی، بۆیە دەڵێن: ئێمە پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێرشەکانی تورکیا لە دژی گەلی کورد قبوڵ ناکەین و پڕوپاگەندەکانی تورکیاش بۆ خۆپاراستن ڕەت دەکەینەوە، بەڵکو ڕایدەگەیەنین کە دەوڵەتی تورک هێرشکارە و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بکات و میکانیزمەکانی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە جێبەجێ بکات.